موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ئەمڕۆ یەكشەممە، لە سەر بودججەی وەزارەتی ئاوەدان كردنەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگە و بانی سۆران، بەشێك لە رێگەی سیدەكان – دەشتی هێرت كاری قیڕتاو كردنی بۆ دەكرێت .
زوبێر محەمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی رێگەی دەشتی هێرت، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” رێگەی سیدەكان – دەشتی هێرت 15 كیلۆمەترە، لە قۆناغی یەكەمدا تەنها یەك كیلۆمەتر لە رێگەی دەشتی هێرت بە دیاری كراوەی لە پردی زەنان تا گوندی خوماری بەشێوەیەكی زۆر رێگەكە خراپ ببوو، ئەمڕۆ كاری قیڕتاو كردنی بۆ دەكرێت.
زیاتر گووتی:” بە گوژمەی 100 ملیۆن دینار پڕۆژەكە تەواو دەكرێت و راستەوخۆ لەلایەن تیمەكانمان لە بەڕێوەبەرایەتی چاككردنەوە و پاراستنی رێگە و بانی سۆران سەرپەرشتی دەكرێت.
گووتیشی:” ئەو شوێنانەی لە رێگەی دەشتی هێرت – سیدەكان پێویستی بە چاككردنەوە و نۆژەن كردنەوە هەیە، دەرخەستەی بۆ كراوە و بەرز دەكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندی دارەكان، بە مەبەستی دووبارە قیڕتاو كردنەوەی تەواوی رێگەی سیدەكان – دەشتی هێرت”.