سەكۆ مەولوود نەبی
ویستم چەند دێرێك دەربارەی پەروەردە لە ساڵی نوێی خوێندن بۆ قوتابیان و مامۆستایان بخەمەڕوو، پەروەردە لە هەموو دونیا بەگشتی و هەرێمی كوردستان بەتایبەتی ئەرك و ڕۆڵێكی جیاوازتری هەیە لە تەواوی دامەزراوەكانی تری كۆمەڵگە، چونكە شێوازی ژیان و بناغەی سەرەكی هەر كۆمەڵگەیەك سەرەتا ڕەگ و ڕیشەی لە پەروەردەكردن دواتر لە فێربوون دایە، قوتابخانە هەستی بەرپرسیارەتی و ئەخلاقی و سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و نەتەوایەتی و فەرهنگی و كلتووری لێ بەرهەم دەهێنرێ.
بە شێوازێكی جیاوازتر لە ساڵانی ڕابردوو، ئەگەر سەیری ئەو شێوازە كلاسیكیە بكەین، لە ڕابردوو هەبووە بێ گومان داهاتوومان دووبارەیەكی بێ مانایە، كارێكی جددی بۆ نەكرێ سیستەمەكەمان هێندە دووبارەیە، زیانی زۆرترە لە قازانج وەك ئاماژەیەك لە كتێبی پێداگۆگی (پاولۆ فرێری) تێیدا باس لە سیستەمێكی “بانك”ی دەكات، مامۆستا تەنها دەیەوێ خۆی و سەردار و گەورەی پۆل بێ، ئەوەی مامۆستا دەڵێت دەبێ قوتابی لەبەری بكات، بێ ئەوەی هیچ ئازادیەكی بۆ قوتابی هێشتبێتەوە تەنها دەیەوێ وەك “بانك” ڕێنمای بخاتە مێشكی قوتابی، خوێندكار خەزنی بكات هەر كات پێویست بكات بۆی دووبارە بكاتەوە، ئەمە ڕەنگدانەوەی تەواوی هەیە لە قوتابخانەكانی ئێمە ویستی چارەسەری بۆ نەكراوە.
ئێستا بیر لەوە دەكەنەوە قوتابی ناكرێ و نابی نێرگلە و جگەرە بكێشێ لە ناو قوتابخانە، ئەی كاری ئێوە لە ڕابردوو چی بووە؟ مەگەر پەروەردەو فێركردن نەبووە كەواتە هیچتان فێرنەكردوون، سێ مانگی وەرزی هاوینی هەموو ساڵێك قوتابی لە كۆڵانەكان فێری تەواوی ئەو كارانە دەبێت كە دوورن لە ئاستی زانستی و ئەخلاقی ئەی پلانی ئێوە چی بووە بۆ پشووی هاوینە؟ ئەم بێ پلانیە جۆرێك لە بەریەك كەوتن دروست دەكات لە نێوان مامۆستا و قوتابی تا كۆتای ساڵ ناتوانرێ چارەسەری گرفتی لەم شێوەیە بكرێ.
ڕێزی زۆرم بۆ مامۆستایان هەیە، خۆم قوتابی بوومە و ئێستا پلەی زانستی مامۆستایم هەیە بەڵام باشتر وایە پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن ڕەخنە بكەن و بخنە بەر باس و توێژینەوە ئێوە بۆ ئەوەی قوتابیەك لە ڕووی ژینگە پارێزی و خۆشەویستی نیشتیمان و لێبوردن و یەكتر قبوڵ كردن و ئاستی زانستی بەرزتر بەرهەم بهێنێت، هیچ نەبێت فێری بكەین لە بووندا شتێك هەیە بە ناوی بەرپرسیارەتی.
لە جیاتی هاندان و دروستكردن خەون و دواڕۆژ بۆ نەوەی داهاتوو درووست بكەن، خوێندن پڕ بایەخترە لەوەی كە ئێستا ئێوەی مامۆستا بەشێكن لە بێ نرخكردنی خوێندن، كۆمەڵە كەسێك لە ژێر ناو جیاجیای وەك كچە مۆدێلێك، هەندێ كەس بە ناوی بانگ خواز یان ناكامێكی كەم عەقل یان كۆمیدیایەك كە بوونەتە سەنتەری نیشتیمان كاریگەرترن لە ئێمەی خاوەن بڕوانامە و ناوەندی ئەكادیمی و ناوەندەكانی خوێندن بە گشتی، ئێوەی بەڕێز تەنها بەوە ڕازی مەبن لە بەرامبەر دواكەوتنی مووچە و یان كەمی مووچە یان كێشەكانی تر بە بێزاری بچنە ناو پۆل و بێنە دەرەوە.
نا مامۆستا ئەركی تۆ دروستكردنە، پەروەردەیە، هەموو یەكەكانی دەوڵەت چاوڕێ دەستی ئێوەن تا تاكی پسپۆڕ و زانستی و بە توانا دروست بكەن، ئەركی ئێوە گەورەترە لەوەی بەڕێزتان نەتانزانیوە بیری لێ بكەنەوە. بۆیە هیوا خوازم لە وەزارەت و تەواوی فێرخوازان و مامۆستایان و توێژەران ئەم شێوازە دووبارەیە بگۆڕن قوتابی دروست بكەن، پەروەردەی جیاوازتریان فێر بكەن لەوەی كە هەیە، قوتابخانەكان ئاوێتە قوتابخانەكای دونیا بكەن، ئێستا سەردەمی تەكنۆلۆجیایە بە ئاسانی لە ڕێگای مۆبایل دەستتان دەگات بە هەموو شێوازەكای زانست و فێركردنی وڵاتانی پێشكەوتوو.
فێری دونیا بینین و خۆشەویستی و ڕێز و كلتووری خوێندنەوەیان بكەن، با شكۆ بۆ بڕوانامەو پەروردە بگەڕێتەوە چیتر نەبین بە دووبارە و مشەخۆری بێزراو كە هیچ یەكێكمان توانای گۆڕانی خۆمان نیە، بەداخەوە وەك نەحۆشیەكی درم، گوازراوەتەوە بۆ تەواوی دامەزراوەكانی تر كە خەڵك تەنها حەزی بە تێپەڕ بوونی كاتە، نەك بیركردنەوە لە گرینگی كات.