مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
فیلمێکی جیهانیی نوێ بە ناوی”The Hidden Strike” هەر دوو ئەکتەری بە توانای جیهانی و بواری ئەکشن (جاکی شان) و (جۆن سینا) کۆ دەکاتەوە و وا بڕیارە بەشی زۆری دیمەنەکانی ئەم فیلمە لە عێراق تۆمار بکرێن.
پێگەی “ئێس کەی پۆپ” لەمبارەیەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوەکردووتەوە و باس لە ناوەڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێ: “فیلمەکە بە دیمەنی ئۆتۆمبێلە وێران بووە پەرشوبڵاوەکان و بڵێسەی ئاگرێکی بەرز و تەقینەوەیەکی بەهێز دەست پێ دەکات، کە پێ دەچێت پەیوەندیی بە(تیمێکی تاوانبارانی نێودەوڵەتی و گەورەترین دزینی نەوت لە مێژوودا) هەبێت،”
سکۆت وو دەرهێنەری بە توانای جیهانی کاری دەرهێنانی فیلمی “The Hidden Strike” دەکات و هەریەک لە جاکی شان و جۆن سینا ڕۆڵی دوو سەربازیی هێزە تایبەتەکان دەگێڕن و وەک هەموو جارێک دونیایی کۆمیدیا ئاوێزانی نێو بواری ئەکشن دەکەن.
بەپێی گوتەی شارەزایانی فیلمسازی، دوور نییە بەشێک لە دیمەنەکانی فیلمەکە لە ناوچە شاخاوییە سەختەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار بکرێن، بەو پێی زۆربەی ئەو فیلمانەی جاکی ڕۆڵی تێدا دەبینێت لە ناوچەی شاخاویی و سروشت و ژینگەیی سەرنجڕاکێشە .