ئاسایشی هەولێر : داوا لە خوێندكاران دەكەین، خۆیان لەو كەسانە بەدوور بگرن كە بانگەشەی لەمجۆرە كارە دەكەن
مههدى محهممهد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بانگەشەی بۆ دروستكردن و فرۆشتنی ئامێری گزیكردن (غش) و پرسیارەكانی پۆلی 12 ی ئامادەیی دەكرد و ئامێرەكەی بە فریادرەسی قوتابیان و خوێندكاران ناو دەبرد، ئاسایشی هەولێر توانی لە ماوەیەكی كەمدا ئەو كەسە دەستگیر بكات و رادەستی یاسای بكات.
لەمبارەیەوە ئاسایشی هەولێر لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە: “تیمەكانیان لە ئاسایشی هەولێر توانییان ناسنامەی تۆمەتبارێك ئاشكرا بكەن كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بانگەشەی بۆ فرۆشتنی پرسیارەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی و ئامێری گزیكردن (غش) دەكرد، بۆیە لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، تۆمەتبار دەستگیر كرا و درایە دادگا.”
هەر لە راگەیاندراوەكەدا ئاسایشی هەولێر داوا لە قوتابیان و خوێندكاران دەكات خۆیان لەو كەسانە بەدور بگرن كە بانگەشەی لەمجۆرە كارە دەكەن و كاتی خۆیان و دەرفەتی خوێندنەكەیان بەفیرۆ نەدەن و ئەوەش دەڵێ : “ئەمجۆرە ئامێرانە نایاسایین و هیچ سودێكیش بە خوێندكاران ناگەیەنن، لە لای هەر كەسێكیش بێت، دەستگیر دەكرێت و ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، بە هیواین هەموان پشت بە خۆتان ببەستن و باشترین نمرەش بەدەستبهێنن.”