نادیە موراد، چالاكی مافی مرۆڤ و هەڵگری خەڵاتی نۆبل، سوپاسێكی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ رزگاركردنی شەش ژن و كچی ئێزیدی، كە سەر لە بەیانی ئەمڕۆ شەموو گەڕێندرانەوە باوەشی خێزانەكانیان لە هەرێمی كوردستان.
نادیە موراد، كە لە دۆزینەوە و بەهاناچوون و یارمەتیدانی ئەم شەش هاووڵاتییە ئێزیدییە رۆڵێكی سەرەكی هەبووە، لە بەیاننامەكەیدا دەڵێت، رزگاركردنەكە بەبێ سەرۆك هەرێمی كوردستان نەدەكرا، كە لە رێگەی دامەزراندنی ئۆفیسێكی تایبەت بە رزگاركردنی ژن و كچانی ئێزیدی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان یارمەتییەكی زۆری ئەو ئێزیدییانەی داوە تا لە دەستی داعش رزگاریان بێت.
ئەم شەش هاووڵاتییە ئێزیدییە، كە سەرجەمیان ئافرەتن، لە 2014 لە لایەن داعشەوە لە عێراقەوە بەرەو سووریا رفێندران، موراد ئاماژە دەكات، هەر شەش هاووڵاتییە رزگاربووەكە لە رێگەی ئاسمانەوە گەڕێندرانەوە هەولێر، لەوێ هەموو هاوكارییەكی پێویستیان بۆ ئەنجام درا.
شایەنی باسە هەر لە سەرەتای كارەساتی كۆمەڵكوژی و رفاندنی هاووڵاتییانی ئێزیدی لە 2014 دا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان نووسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزیدی دامەزراند و لە رێگەی ئەم ئۆفیسەوە تا ئێستە زیاتر لە 2500 رفێنراو رزگار كراون و گەڕێنراونەتەوە باوەشی كەسوكاریان.