زاری كرمانجی-سۆران
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی هەناوی و شەكرە، ئامۆژگاری دەكات ” نان خواردنی بەپەلە 5 مەترسی تەندروستی هەیە، هەروەها زۆر لە توێژینەوە زانستییەكان باسی مەترسییە تەندروستییەكانی بەپەلە نان خواردنیان كردووە، توێژەرەكان جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە پێویستە نان بەهێواشی بخورێ و پاروو جوان بجورێ و هەر نان خواردنێك بەلایەنی كەم 20 خولەكی پێ بچێت.
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” مەترسییەكانی بەپەلە نان خواردن بریتییە لە نەخۆشی شەكرە، بەپێی راپۆرتێكی مێدیكال دەیلی بریتانی بەپەلە نان خواردن مەترسی تووشبون بە شەكرە زیاد دەكات، چونكە خواردن بەخێرایی هەستی تێر نەبوون بە كەسەكە دەبەخشێ و بەمەش كەسەكە خواردنی زیاتر دەخوات و هاوسەنگی ئاستی گلوكۆزی خوێن و رێژەی ئەنسۆلین تێك دەچێ و دەبێتە هۆی شەكرە، هەروەها لە توێژینەوە زانستییەكانی زانكۆی هێرۆشیمای یابانی، دەركەوتووە بەپەلە خواردن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەكان دڵ و جەڵتەی مێشك زیاد دەكات، خواردن بەخێرایی مەترسی بەرزەفشاری خوێن و چەوری خوێنش زیاد دەكات.
دەشڵێت ” خواردنی بڕێكی زۆر، گەیشتنی پەیامی تێربوون بە مێشك 20 خولەكی پێویستە بۆیە هەتا خێراتر نان بخۆی مەترسی قەڵەوی زیاتر دەبێت، جگە لەمەش قووتدانی پارووی نەجوراو دەبێتە هۆی دڵەكزێ، ئازاری گەدە، هەرس نەكردن، قەبزی و سك با كردن، هەر كات بە پەلە نان دەخۆیت بەتایبەت لەفە و خواردنەكانی فاست فوود، زۆر هەست بە تامی خواردنەكە ناكەیت، واتە ئەگەر خواردنەكەس تێكچوو بێت زۆر هەستی پێناكەی و ئەمەش دوور نییە تووشی ژەهراوی بوونی خواردن ببیت.