زاری كرمانجی- سۆران
تای خوێنبەربوون، ئەو ڤایرۆسەی كە لە ئاژەڵەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، ماوەیەك بەر لە ئێستا گەنجێك لە پارێزگای هەولێر و ئافرەتێكیش لە ئیدارەی سۆران، بەهۆی تووشبوون بەم نەخۆشییە گیانیان لەدەستدا.
د. كاروان جەمال، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند” تای خوێنبەربوون مەترسی بڵاوبوونەوەی هەیە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، ئەو كەسانەی كە ئاژەڵ بەخێو دەكەن پێویستە زۆر ئاگاداری خۆیان بن، هەروەها پێش ئەوەی ئاژەڵێك سەر ببڕن پێویستە پشكنینی بۆ بكەن بزانن زیندەوەری(قڕِنی) لەسەرە یاخود نا، ئەوانەی كە گۆشتی ئاژەڵیش لە هەر شوێنێك دەكڕن پێویستە لەو شوێنە دڵنیا بن.
گووتیشی” ئەم نەخۆشییە تەنانەت لە كەسێكیشەوە دەگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە، ڤایرۆسەكە بەهۆی برینداربوون و برینی پێستەوە روودەدات، ماوەیەك پێش ئێستا ئافرەتێكی نزیك تەمەن 40 ساڵان كە خەڵكی سۆران بوو بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە لە هەولێر گیانی لەدەستدا، هەروەها گەنجێكی دیكەش لە هەولێر، بەهۆی تووشبوون بەم ڤایرۆسە گیانی لەدەستداوە.