زاری كرمانجی – سۆران :
دوێنی یەكشەممە بەرپرسێكی سەربازی سوپای ئۆكرانیا ئاشكرای كرد كە هێزەكانی رووسیا لە رێگەی درۆنی ئێرانی سیستمی تۆپهاوێژی ئەمریكی لە باكوری رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان تێكشكاندووە.
بەرپرسێكی سەربازی سوپای ئۆكرانیا لە میانەی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی The Guardian رایگەیاندوە، هێزەكانی روسیا بۆ یەكەمینجار درۆنی دروستكراوی وڵاتی ئێرانیان دژ بە چەند خاڵێكی بەرگری وڵاتەكەیان تاقیكردۆتەوە.
هەروەكو ئەو بەرپرسە سەربازییەی ئۆكرانیای ئاماژەی بۆ دەكات یەكەم جارە رووسیا درۆنی ئێرانی تاقی بكاتەوە كە لە جۆری Shahed-136و توانیوویانە سیستمی تۆپهاوێژی ئەمریكی پەرەپێدراو لە جۆری Howitzer M777 تێكبشكێنن.
ئەو سەربازەوە بە تەنزەوە ئەوەش دەڵێ :” بۆ رووسەكان ئەم كارە ئاسانترە و لە جیاتی بەكارهێنانی 100 تۆپ و موشەك، بە درۆنێكی هاوشێوە ئامانجەكان بپێكن”.
لەم جەنگەدا سوپای ئۆكرانیا سوودێكی زۆری لە درۆنەكانی توركیا وەرگرتووەو زیانێكی زۆری بە هێزەكانی بەرامبەر گەیاندووە، لەبەرامبەریشدا ئەمە یەكەم جارە رووسیا درۆنی ئێرانی بەكار دەهێنێت و یەكەم ئامانجی خۆی پێكا، كە سیستمی تۆپهاوێژی ئەمریكی بوو لە رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا.