زاری كرمانجی – سۆران:
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ و جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ كاروباری بازرگانی و پارێزگارانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی، هەڵەبجە و پارێزگارانی ئازربایجانی ڕۆژئاوا”ئورمیە”، سنە، كرمانشان و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆكانی سۆران، گەرمیان، ڕاپەڕین، یەكەمین كۆبوونەوەی پارێزگارانی ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران ئەنجامدرا، یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكەش، كردنەوەی دەروازەی سیدەكان، كێلەشین- شنۆ بووە.
راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڵاوی كردۆتەوە، لە كۆبوونەوەكەدا، كە ژمارەیەك لە پەرلەمانتاری وڵاتی ئێران و بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان – ئێران و ژوورە بازرگانییەكان و یەكێتی هاوردە و هەناردەكارانی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەكی دیكە لە بەرپرسانی باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی ببوون، چەندین وتار پێشكەش كران لە بارەی پتەوكردنی پەیوەندییە گشتییەكانی نێوان هەردوولا و بەهێزكردنی جموجۆڵی بازرگانی و ئابووری نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی كوردستان.
ئاماژەبەوەشدراوە، لەگەڵ وەزیری ناوخۆی كۆماری ئیسلامی ئێران بابەتی هاوكاری و پاڵپشتی ئێرانی بۆ كردنەوەی دەروازەی “سیدەكان، كێلەشین، شنۆ” گفتوگۆ كرا، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئامادەیەكی لەو بوارە كردووە، كە بە كردنەوەی ئەم دەروازەیە جگە لەوەی سوودی زۆری دەبێت بۆ دانیشتوانی ناوچەكە لەهەمانكاتدا دەبێتە دەروازەیەكی تری گرنگی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامی ئێران.
گووتیشی:” هەر لە میانەی كۆبوونەوەكەدا، هەڵگۆرد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران وتارێكی پێشكەش كرد.