زاری كرمانجی-سۆران
ئەگەرچی سزایەكی دیاریكراو دانراوە بۆ ئەوانەی راوی پەلەوەرو ئاژەڵی كێوی دەكەن، كەچی كەسانێك لە بازاڕەكان بە ئاشكرا دوكان و شوێنی تایبەت بە مامەڵە كردن و كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و پەلەوەرە كێوییەكان دەكەن، چالاكوانانی ژینگەو ئاژەڵپارێزیش پێیانوایە پێویست بوو لەگەڵ یاسای قەدەغەكردنی ڕاوی ئاژەڵە كێوییەكان، كڕین و فرۆشتنیشیان لە بازاڕەكان پێنەكرێت”.
دەشڵێن: ” جگەلەوەی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و پەلەوەرە كێوییەكان لە بازاڕ، هۆكارێك دەبێت خەڵكانێك بە شێوەیەی نەهێنی لەناوچە شاخاوییەكان و شوێنە دوورە دەستەكان، پەنا ببەنە بەر راوكردنیان بەمەبەستی بەدەست هێنانی بڕە پارەیەك لە بازاڕەكان بیانفرۆشنەوە، ئەوەش زیانی زۆر بە هاوسەنگی ژینگە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی كەمبوونەوەو نەمانی ئەو ئاژەڵە كێویانە لەناو سروشتی كوردستان”.
وەك چالاكوانانی ژینگەپارێزی و ئاژەڵپارێزی ئاماژەشیان بۆی كرد: ” كارەساتە ئاژەڵی كێوی لەناو قەفەس بەند بكرێت، لەگەڵ ئەوەی ئازادی ناو سروشتی جوانی كوردستانیان لێدەستێندرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار تێبینی دەكرێت لە ئازاردان و خۆراك و خواردنەوەی پێویستیان پێنادرێت، یان لەكاتی سەردانی كردنی خەڵك بۆ ئەو شوێنانەی مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی ئاژەڵ و پەلەوەرە كێوییەكانیان لێدەكرێت، ئەم ئاژەڵانە دووچاری ترسان و دڵەڕەوكێ دەبنەوە”.
هەر بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی لە هندێ شارو شارۆچكەكان هەوڵێك لە ئارادایە بۆ ئەوەی دیاردەی كڕین و فرۆشتن بە ئاژەڵ و پەلەوەری كێوی نەهێلدرێت، داوادەكرێت ئەم هەوڵانە توندوتۆڵتر بكرێن و سەرجەم شارو شارۆچكەكانی كوردستان بگرێتەوەو ئاژەڵە كێوییەكان بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو باوەشی سروشتی جوانی كوردستان.