گولستان بەهجەت- زاری كرمانجی :
كار كردنی منداڵانی خوار تەمەنی 18 ساڵ لە قەزای ناوەندی سۆران زیادی كردووە و شارەزایانیش ئەمە بە پێشێكاری رێككەوتننامەكانی نێودەوڵەتی لەسەر مافی منداڵ دەزانن.
كەلسوم گەزنەیی، چالاكوانی بواری مافی مرۆڤ، لەمبارەوە بۆ زاری كرمانجی گووت:” منداڵ بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی تەقلیدییە، لە رێگەی پڕۆسەی پێگەیاندن كۆمەڵایەتی لە ناو خێزانەوە فێری داب و نەریت و كلتوور و بەها مرۆییەكان دەبێت، هەروەها لە بوونەوەرێكی بایۆلۆژییەوە دەبێتە بوونەوەرێكی كۆمەڵایەتی، بەپێی رێكەوتنە نێودەوڵەتییەكان هیچ منداڵێك رێی پێدارو نییە كار بكات، تا دەگاتە سەرووی 18 ساڵ ئەو كاتیش لە چوارچێوەی تەمەنی منداڵی دەردەچێت و دەچێتە تەمەنی تازە پێگەیشتوو، بەو پێیەش هەڵسووكەوتی لەگەڵ دەكرێت”.
كەلسوم گەزنەیی، زیاتر روونیكردەوە ” بە پێی توێژینەوەكان، منداڵ هەبووە لە سەرووی تەمەنی 8 ساڵی كاری كردووە، ئەمەش لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەییەكی دیكە جیاوازە، هەروەها پاڵنەرەكان جیاوازن، بەڵام بە پێی پێوەرەكانی یاسای و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان نابێ منداڵ لە خوار 18 ساڵ كاری پێبكرێت”.