محیەدین بادلی
لە بنچینەدا دادگای فیدراڵی بەرزترین دەسەڵاتی دادوەریە لە عێراقدا، سەربەخۆ و تایبەتمەندە بە چاودێری دەستووریی بوونی یاسا و ڕێساكانی وڵات، وە لە دەستووری عێڕاقدا بوار بە هەرێمی كوردستان دراوە كە دەتوانن بەپێی تایبەتمەندی و دۆخی هەرێمەكان سەرنج بخەنە سەر ڕێكخستنەوە و بڕیاردان، لە یاسایی تازە كە تایبەتبن بە دۆخی سیاسی و خەڵكی هەرێمەكە، بەڵام ئەوەی بینیمان لە ڕابردوودا دادگای فیدراڵی نەیتووانیووە بێلایەنی خۆی بپارێزێت و هەردەم ملكەچ و ئەلقە لەگوێی كۆمەڵێك لە حكومڕانەكانی عێراق بووە، وروژاندن و دەركردنی كۆمەڵێك پرس و بڕیار سەبارەت بەكوردستان لەبەرژەوەندی كەس و هێزەخۆپەرست و دژبەكوردەوە بوونە، ئەوەش تەواو ڕوونە كە دادگا دەرچووە لە قاڵبی بێلایەنی و دەستوور پارێزی و تێكەڵبووە بە كێشە و كارلێكەسیاسییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، دەركردنی بڕیاری هەڵوەشانەوە و ناشەرعیبوونی پەرلەمانی كوردستانیش دەچێتە چوارچێوەی بڕیارەكانی پێشووتری كە تەواو نایاساین و دەستوەردانە لە دۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستانە بۆ ڕازیكردنی كۆمەڵێك لە شۆڤێنی عەرەب و پشتگیری هەندێ لە گروپ و حزبەسیاسییەكانی كوردستانە، كە هەمیشە كاریانكردووە بۆ لێدان لە دەسكەوتەكانمان و لەقاڵبدانی دەستەڵاتەكانی كوردستان و گێڕانەوەی تەواوی سەری پەتەكان بۆ بەغدا، هەروەها هێشتنەوەی كوردستان لەسەر پەتی چەقبەستوویی سیاسی و ئابووری و كێشەحزبییەكاندا، لەم ناوەشدا زیان بە دامەزراوەشەرعیەكانمان و جەماوەرەی كوردستان دەگات.
وەكو دەبینرێت پارتی دیموكراتی كوردستان، بەو بڕیارە سەقەتانە دەستبەرداری مافی كورد و خزمەتكردنی وڵاتەكەمان نابێت و بەهەموو شێوەیەك ئامادەی هەڵبژاردن و مومارەسەكردنی پرسەیاساییەكانە، بەڵام یەكێتی بە هەموو توانایەكیەوە دژی ئەو پرۆسە دیموكراسیەیەو ئیرادەی داخلبوونی هەڵبژاردنی نییە، بەردەوام بەدوای نانەوەی بەربەست و كێشەی تازەوەیە، حكوومەتی جێهێشتووە و دانیشتنەكانی پەرلەمانی پەكخستووە، بەوەشەوە نەوەستاوە كێشە ناوەخۆیەكانیشی گواستۆتەوە بۆ بەغدا، لەوێوە پشتگیری ئەو لێدوان و بڕیارانەدەكات كە زیانیان بۆ كوردستان و حكومەتەكەی هەیە!.