موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە سنووری گوندی ئۆمەراوەی رێگای هامڵتۆن، نێوان سۆران – چۆمان، بەهۆی رووداوێكی هاتووچۆ دووكەس بە سەختی برینداربوون، بەڕێوەبەری تەندرووستی چۆمانیش دەڵێت، یەكێك لە بریندارەكان بەهۆی سەختی برینەكەی گیانی لە دەستدا.
د . ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندرووستی چۆمان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” كاتژمێر 11:15 خوولەكی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، رووداوێكی پێكدادان لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیكاب دێر و ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگری جۆری ” گەلابە ” روویدا، لە ئەنجامی رووداوەكە دوو هاووڵاتی سەرنشینی پیكابەكە كە باوك و كوڕ بوون بە ناوەكانی ” عەبدوڵڵا ئەحمەد ” تەمەن 75 ساڵان و ئەنور عەبدوڵڵا تەمەن 43 ساڵان بە سەختی بریندار بوون .
گووتیشی:” بەهۆی سەختی برینەكەی عەبدوڵڵا ئەحمەد گیانی لە دەستدا، بە مەبەستی دڵنیایی لە چۆنیەتی گیان لە دەستدانی تەرمەكەی رەوانەی پزیشكی دادی سۆران كرا، بریندارەكەی دیكە كوڕەكەیەتی لە ژێر چاودێری پزیشك دایە لە نەخۆشخانەی چۆمان.
شایەنی باسە، ساڵانە لە رێگەی هامڵتۆن بە دیار كراوی لە نێوان سۆران – حاجی ئۆمەران، بەهۆی یەك سایدی رێگاكە و جەنجاڵی زۆر، لە هەمان كات پابەند نەبوونی شوفێران بە رێنمای و هێماكانی هاتووچۆ، رووداوی نەخوازراو روودەدەن و زۆر جار جیا لە زیانی گیانی ماددی، قوربانیشی لێ دەكەوێتەوە”.