ئهمڕۆ چوارشهممه 31/5/2023، د. جووتیار عادل، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سهرنجی خسته سهر چهند پرسێك و لەبارەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەشەوە رایگەیاند: “ئێمە زۆر زووتر داوای گەڕاندنەوەی مووچەی فەرانبەرانی هەرێمی کوردستانمان لە حکومەتی فیدراڵی کردووە و داواشمان کردووە بەسەریەکەوە بدرێتەوە، نەک بە ڕێژە و قیست.”
پاش ئەو گۆڕانکارییە تاکڕەوانەی لیژنەی داراییی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پڕۆژەیاسای بودجە دژی هەرێمی کوردستان کردیان، ڕۆژی سێشەممە، ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی هەرێم، لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆ بوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر ئەو پێشهاتانە کرد.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە رایگەیاند: “لەسەر پێشنیازی سەرۆکی حکوومەت، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و گوتەبێژی حکوومەت، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوە، وردەکاریی ڕێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق خستنە ڕوو؛ تێیدا ڕامانگەیاند پابەندی ئەو ڕێککەوتنە سیاسییەین کە لەگەڵ کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی کراوە، چونکە بە ئیرادەیەکی ئازادانەی هەردوو لا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان کراوە.”
لەبارەی هەڵوێستی نوێنەرایەتیی وڵاتان لەوبارەوە دەڵێت: “خۆشبەختانە نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان و دۆستانی کورد، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم بوون لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ چارەسەرە دەستوورییەکان لە نێوان هەردوو لادا دووپات کردەوە.”
د.جووتیار عادل راشیگەیاند: “بەداخەوە، ئەو پێشهاتە دەستوورییەی لە لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق بەرامبەر هەرێمی کوردستان کراوە، پێچەوانەی دەستوور و ڕێککەوتنی هەردوو لایە. گۆڕانکارییەکان کە لەلایەن لیژنەکەوە کراوە، پێچەوانەی ڕێککەوتنی هەرێمی كوردستان و کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقە؛ بۆیە پێمان وایە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق ماف و ئەرکەکانی هەردوولا بەپێی دەستوور دەستنیشان بکات، نەک بەو پێشێلکاریانە. هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی نێوان هێزەکان هەبێت، پێویستە ڕەنگدەرەوەی ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا بێت، چونکە ئەمە ڕێککەوتنی نێوان دوو حکومەتە نەک نێوان دوو کەس. لەبەر ئەوە سوورین لەسەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەرێم لەگەڵ عێراقدا.”
لەبارەی هەڵوێستی محەمەد شیاع سودانی لەسەر ڕێککەوتنەکە، رایگەیاند: “سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ ئەوەیە ڕێککەوتنەکە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و خواستێکی بەهێزی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەیە.”
لەبارەی پرسی گەڕاندنەوەی مووچەی پاشەکەوتکراوی فەرمانبەرانی کوردستان و ڕێگەدان بە خودی پارێزگاکان بۆ پەیوەندیبەستنی ڕاستەوخۆ بە حکوومەتی فیدراڵەوە، د.جووتیار عادل رایگەیاند: “ئێمە لەگەڵ هەر هەنگاوێکین بۆ دەستەبەرکردنی مافە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، بەڵام قەوارەی هەرێمی کوردستان لای خەڵک لە پێش هەموو شتێکەوەیە. لەبارەی قەرەبووکردنەوەی ئەو هەموو مووچەیەی حکومەتی عێراق لە فەرمانبەرانی بڕیوە، لە هەموو پڕۆژەیاسایەکی بودجە جێگیر کراوە کە باس لە گەڕاندنەوەی ئەو مووچانە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە دەکات؛ داوای ئێمە ئەوە بووە هەمووی بەسەر یەکەوە بۆ فەرمانبەران بگەڕێنرێتەوە نەک بە ڕێژە و قیستی ساڵانە. بەداخەوە ئەوەش بۆ موزایەدە و دەستکەوتی سیاسی بەکار هێنراوە. ئێمە نەک بۆ گەڕاندنەوەی مووچە، بەڵکوو داوای قەرەبووی قوربانیانی جینۆساید و ئەنفالکراوانیشمان کردووە کە ڕژێمی پێشوو بەو تاوانانە هەستاوە. ئەوەش لە ماددەی ١٣ی پڕۆژەیاسای بودجە جێگیر کراوە. بۆ ئەمەش دیوانی چاودێریی هەردوو لایەنەکە بۆ سەرپەرشتیی ئەو کارە و پاکتاوکردنی پرسە داراییەکان ڕاسپێردراون.”
لەبارەی هەڵوێستی حکوومەتی هەرێمی كوردستانهوه لەسەر بڕیاری دادگەی فیدڕاڵی بۆ ڕەتکردنەوەی درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەت رایگەیاند: “وەک حکوومەتی هەرێمی و سەرۆکی حکوومەتیش، ئامانج ئەوەیە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت. بۆیە داوا لە هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین، پاڵپشتیی سەرۆکی هەرێمی كوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا. ئەوە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی كوردستان؛ چونکە هەڵبژاردن تاکە ڕێگەیە بۆ نوێکردنەوەی شەرعییەتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و پێشخستنی حوکمڕانیی باش.”