پشتیوان كەریم-سۆران:
بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی ئیدارەی سۆران، رایدەگەینێت:” هەر پێشانگایەكی ئۆتۆمبێل مامەڵە بە ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا بكات، لێپێچینەوەی لەگەڵ دەكرێت، دەسەڵات بە قایمقامەكانی سنوورەكەمان دراوە رێكاری پێویست لەگەڵیان بگرنەبەر .
عەقید زرار حسێن، بەڕێوەبەری هاتووچۆی سۆران، بۆ زاری كرمانجی، روونی كردەوە:” بەپێی دواین سەرژمێری كە لەساڵی 2021 ئەنجامدراوە، لە بەڕێوەبەرایەتیمان هەشت هەزار ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا تۆماركراون و لەئێستادا ئەم رێژەیەكەم بۆتەوە، هاوكات، بەشێوەیەكی بەگشتی لەسنووری ئیدارەی سۆران نزیكەی 90 هەزار ئۆتومبێلی بەژمارە و هەڵگری تابلۆی پارێزگاكان بوونی هەیە.
گووتیشی:” كردنەوەی پێشانگا و نوێكردنەوەی مۆڵەتی پێشانگاكان وەك هاتوچۆی سۆران ناتوانین راستەوخۆ مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام لەڕێی ئەوگرێبەستانەی كە بۆ ئێمە دەهێندرێت گەر بزانین پێشانگایەك ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا مامەڵەی پێوەدەكات، رووبەڕووی یاسا و دادگایان دەكەینەوە”.