مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ئەنجوومەنی ئاسایش، دەستگیرکردنی زیاتر لە 600 کەسی بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری ڕاگەیاند.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری 5 مانگی ڕابردوو، لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ تا ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٣بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکە داهاتووە کە :” 667 کەس بە تۆمەتی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکران و دەستبەسەر دەیان کیلۆ ماددەی هۆشبەردا گیراوە،”
ئەنجوومەنی ئاسایش ئەوەش دەخاتەڕوو : “دەست گیراوە بەسەر “45 کیلۆ و 80 گرام ماددەی هۆشبەر، 530 کیلۆگرام حەبی هۆشبەری فەل لە جۆری کاپتاگۆن، 2774 شیت حەبی هۆشبەر لە جۆری ترامادۆڵ و 70 کیلۆگرام دەرمان چای کە تێکەڵکراوە بە ماددەی هۆشبەری جۆری هێرۆین.”