موڕشید برادۆستی – سۆران:
دوێنێ سێشەممە، دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و بڕیارەكانی لەماوەی درێژكردنەوەكەدا بە نایاسایی ناساند، ئەمەش كاردانەوەی ناوخۆی لێكەوتۆتەوە، چاودێرێك بڕیارەكە بە سیاسی دەزانێت.
د . مەهدی ستوونی مامۆستای زانكۆ و چاودێری سیاسی بە زاری كرمانجی راگەیاند:” زۆر بە داخەوە جارێكی دیكە دادگای فیدراڵی عێراق بڕیارێكی دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، كە ئەویش نا دەستووری بوونی درێژ كردنەوەی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان و بە كارێكی نایاساییان زانیووە.
د. مەهدی، ئاشكراشی كرد:” هەموومان دەزانین دادگای فیدرالی عێراق سەربەخۆ نییە و بەكاردەهێندرێت و بڕیارەكان بۆ هەرێمی كوردستان سیاسین، یەكێك لە هەڵەكانی دادگای فیدراڵی عێراق ئەو بڕیارە بوو، چونكە بیر لەوە نەكراوەتەوە قۆناغی دووای ئەو بڕیارە هەرێمی كوردستان چی بەسەر دێت، لە كاتێكدا نەبەپێی دەستووری عێراق و نەبەپێی یاسایی سەرۆكایەتی هەرێم باس لەوە قۆناغەی دووای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی كوردستان نەكراوە.
ئاماژەشی بەوەدا، لە هەرێمی كوردستان تا ئێستا خاوەن دەستووری خۆمان نین، ئەمەش گرفتێكە و چارەسەر تەنها ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، بەپێی یاسایی ژمارە 1ی ساڵی 2005ی هەمواركراوی سەرۆكایەتی هەرێم، هەر كاتێك ماوەی یاسایی پەرلەمان كۆتای پێهات، یان دوو مانگ بەر لە تەواو بوونی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مافی هەیە فەرمانێك دەربكات و تیایدا كاتی هەڵبژاردن دیاری بكات .
گووتیشی:” بە داخەوە هەندێ لایەنی سیاسی ئیرادەی ئەوەیان تێدا نییە كە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام رێگە چارە بۆ ئەو گرفتەی ئێستا، كۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە سیاسیەكانی كوردستانە و بەیەكەوە رێكەوتنێكی سیاسی بكەن، تا هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بكرێت و چیتر دوانەخرێت”.