مههدى محهممهد – زارى كرمانجى :
گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی بۆ کامپ نو و جارێکی تر پۆشینی درێسی بلاوگرانا تەنیا لەسەر کات ماوە و بەپێی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکانی نزیک لەو یانەیە، بەرشەلۆنە مۆڵەتی یەک هەفتەی لە مێسی خواستووە تا کارەکانی گەڕانەوەی ڕێک بخەن.
ڕۆژنامەی “سپۆرت”، دوێنێ سێشەممە هەواڵی ئەوەی بڵاو کردەوە کە ئیدارەی یانەی بەرشەلۆنە داوای لە مێسی کردووە تەنیا یەک هەفتە مۆڵەتیان پێ بدات، پێش ئەوەی هەر بڕیارێکی فەرمی سەبارەت بەو یانەیە بدات کە دەچێتە ڕێزەکانییەوە.
مانگی حوزەیرانی داهاتوو، گرێبەستەکەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ پاریس سانجێرمان کۆتایی دێت.
لە لایەکی ترەوە ڕۆژنامەکان هەواڵەی ئەوەشیان بڵاو کردەوە کە مێسی بە دوای یەکلاکردنەوەی داهاتووی خۆیدایە، بەبێ ئەوەی چاوەڕێی ئۆفەرەکەی بەرشەلۆنە بکات.
هاوکات بەرشەلۆنە بە شێوەیەکی نافەرمی ئۆفەرێکی 25 ملیۆن یۆرۆی بۆ مێسی ناردووە تەنیا بۆ وەرزێک و بژاردەی درێژکردنەوەی بۆ وەرزێکی تریش خستووەتە بەردەم مێسی، لەسەر ئەو ئۆفەرەش سەرچاوەکانی نزیک لە مێسی باس لەوە دەکەن کە مێسی ئەو پێشنیازە بە باشی دەزانێت و بەردەوام لە پەیوەندیدایە لەگەڵ چاڤی هێرناندێزی ڕاهێنەری بەرشەلۆنە.