زاری كرمانجی- مێرگەسۆر:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێورەسمی کردنەوەی کارگەی زۆم بۆ بەرهەمە شیرەمەنییەکان دووپاتیکردەوە، بەردەوام دەبن لە پشتگیریکردنی سێکتەری کشتوکاڵ و جووتیاران و بۆ ئەو مەبەستەش کاردەکەن لەسەر دروستکردنی چوار بەنداوی گەورە لە جگەلە سێکتەری کشتوکاڵ، بۆ بەرهەمهێنانی وزە و کەرتی گەشتوگوزار سوودی لێوەردەگیرێت.
لە سەرەتای گوتارەکەیدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەستخۆشی کرد لە کردنەوەی کارگە و بە پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی بۆ ناوچەکە و هەرێمی کوردستان وەسفکرد.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کردنەوەی کارگەی زۆم لە دەڤەری مێرگەسۆر کە پێشەنگ بووە لە خەبات و قوربانیدا کە چەندین داستانی لێ ئەنجامدراوە، زیاتر گوتی، ئەم کارگەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئابووری ناوچەکە و هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی خەڵکی ناوچەکە.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی، ساڵی رابردوو سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵم کرد و باسمان لە کار و پرۆژەکانی ئەو وەزارەتە کرد و ئاماژەمان بەوەکرد پێویستە ئەو پرۆژانە لە ناوچە گوندنشینەکان دروستبکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی گوندەکان ناچارنەبن کۆچ بکەن بۆ شارەکان، کە یەکێک لەو پرۆژانە کارگەی شیرەمەنییەکان بوو.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم کارگەیە دەبێتە سەرچاوەی بژێوی خەڵکی ناوچەکە کە زیاتر لە 2700 خێزان لەم ناوچەیە دەژین و دەتوانن بەرهەمی ئاژەڵەکانیان ساغ بکەنەوە و سەرچاوەی داهات بێت بۆ بژێوی رۆژانەیان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی سرووشت و ژینگە کرد و باسی لە هەوڵەکانی کابینەکەی کرد لە شارەزایان و پسپۆران بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی وشکەساڵی و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئاو.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هانی هاووڵاتییانیدا بەرهەمی خۆماڵی بەکاربهێنن و داواشی لە خاوەن پرۆژەکان کرد کە لەسەر بەرهەمان ئاماژە بە جۆری بەرهەماکانیان بکەن بۆ هاووڵاتییان روونبکەنەوە، ئەگەر بەرهەمەکانیان سرووشتین بنووسن شیری سرووشتییە یاخود ئەگەر شیری تۆز بەکارهێنداوە بەهەمان شێوە بنووسرێت ئاماژەی پێبدرێت بۆ ئەوەی هاووڵاتییان لە بەکارهێنانیان دڵنیابن.
لەبارەی گرنگیدان بە پرۆژەکانی ئاژەڵداری، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەند ئامارێکی ئاشکراکرد کە لە کابینەی نۆیەمدا کاری بۆ کراوە و رایگەیاند، 75%ـی پرۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵی شیردەر زیادیکردووە کە لە 87 پرۆژەدا 14 هەزار و 609 سەر ئاژەڵی شیردەری مانگا تێدا بەخێودەکرێت.
هاوکات ئاماژەی بەوەشکرد 50%ـی پرۆژەکانی بەخێوکردنی ئاژەڵی گۆلک زیادیکردووە کە 100 پرۆژەی جۆراوجۆری لەخۆگرتووە و 78 هەزار 216 گۆلکی تێدا بەخێودەکرێت.
لەبارەی بەپیتی خاکی هەرێمی کوردستانیش بۆ کشتوکاڵ کردن، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، خاوەنی سرووشتێکی دەوڵەمەند و خاکێکی بەپیتین، کە ئەمەش دەتواندرێت ببێتە هۆی ئەوەی ئاسایشی خۆراکی خۆی ناوخۆ مسۆگەر بکات و پێداویستییە ناوخۆییەکان دابینبکرێت. گوتیشی، هەر ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە کە دەتواندرێت سوودی زیاتری لێوەربگیرێت بۆ بەرهەمی کشتوکاڵی، وەک گوێزی هەورامان، هەناری هەڵەبجە، گەنم و دانەوێڵە لە گەرمیان و شارەزوور، هەنجیری ئاکرێ و سێوی بەرواری باڵا هەیە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە، لە سەردانەکانیان بۆ دەرەوەی وڵات هەمیشە پرسیاری ئەوەمان کردووە کە چۆن بەرهەمی کشتوکاڵی زیاتر بکەین و کوالیتییان بەرزبکەینەوە و بازاڕی ناوخۆ و دەرەوەیان بۆ بدۆزینەوە، تیشکی خستە سەر هەناردەکردنی بەرهەمی خۆماڵی بۆ وڵاتانی کەنداو کە ئەمەش هاندەرێکی باش بوو بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند چوار بەنداوی گەورە و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و دەبێتە هۆی بەرەو پێشچوونی کەرتی کشتوکاڵ و بۆ بەرهەمهێنانی وزە و پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاریش سوودی دەبێت.