مەهدی محەممەد – زاری کرمانجی :
ڕێژەی نەخوێندەواران بە پێی ڕاگەیاندنی لیژنەی پەروەردەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، 11 ملیۆن کەسی تێ پەڕاندووە و هۆشداریش دەدرێت کە ساڵی داهاتوو ڕێژەکە بە هۆی وازهێنان لە خوێندن و دۆخی ئابووری زیاتر بەرز بێتەوە .
جەواد عوەیس، جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند :”لە ساڵی 2003ەوە گرنگیی بە دامەزراوە پەروەردەیییەکان نەدراوە، ئەمە لە کاتێکدا کە بەشێک لە وڵاتانی جیهان لەسەدا 20ی بودجەی خۆیانی بۆ تەرخان دەکەن، کەچی عێراق تەنیا لەسەدا 1.7ی کۆی بودجەی بۆ تەرخان کردووە، بۆیە ئەم ڕێژەیەش پێداویستییەکانی وەزارەتی پەروەردە دابین ناکات.”
عوەیس باس لە داواکاری لیژنەی پەروەردە دەکات بۆ زیادکردنی بودجە بۆ نزیکەی 3.10% و دەڵێت : “بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان کەوتووە، ئەو ڕێژەیە لەسەدا 2.7 دەبێت،”
جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی ببڕکردنی نەخوێندەواری، هۆشداری دەدات کە ساڵ بە ساڵ ڕێژەکە بەرەو سەر هەڵدەکشێت و دەڵێ :”نەخوێندەواری لە وڵاتدا تا ڕادەیەکی ترسناک بەربڵاوە، کە دەگاتە زیاتر لە 11 ملیۆن کەسی نەخوێندەوار، پێشبینیش دەکرێت لە ساڵانی داهاتوودا بە پشتبەستن بە ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن و ڕۆڵی ئابووری لە بێ توانایی زۆربەی خێزانەکان لە دابینکردنی پێداویستییەکانی ناونووسینی منداڵەکانیان لە قوتابخانەکاندا، ئەو ڕێژەیە زیاد بکات.”