زاری كرمانجی- سۆران:
کەشناسی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ و سبەی ئەگەری خۆڵبارینێکی سووک، تاوەباران و هەورەبرووسکە هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە کەشوهەوای ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی 5ی2023 ڕایگەیاند: کەشی ئاسمان بەزۆری هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بوونی تۆز و خۆڵێکی سووک لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای هەرێمی کوردستان و شاری دهۆک، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکانی باکور تاوەباران دەبارێت لەگەل برووسکە.
لەبارەی گۆڕانی پلەکانی گەرما کەشناسی ڕاشیگەیاند: پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە بە (1-2) پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ( 10 – 20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبێت، لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ ئەگەری چالاکبوونی هەیە بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک، هاوکات مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ 6 کیلۆمەتر.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی سێشەممە کەشناسی ڕایگەیاند: کەشی ئاسمان هەور بۆ نیمچەهەور دەبێت، لەگەڵ تاوەباران و برووسکەی کورتخایەن لە ناوچە جیاجیاکان، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکانی باکور و خۆرهەڵات، هەروەها بەردەوامی تۆز و خۆڵەکە لە زۆربەی کاتەکاندا.
ڕاشیگەیاند: پلەکانی گەرما لە زۆربەی ناوچەکان نزیک دەبێتەوە لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، خێرای با / لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت ( 10 – 20 ) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێک دەبێت و مەودای بینین لەنێوان ( 7 – 9 ) کیلۆمەتر دەبێت.
کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراوی سبەی سێشەممەی بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە خستووەتەڕوو:
هەولێر: 34 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 33 پلەی سیلیزی
دهۆک: 32 پلەی سیلیزی
کەرکووک: 36 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 34 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 33 پلەی سیلیزی
سۆران: 30 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 39 پلەی سیلیزی