نوسین و ئامادەكردنی : ئەندازیار عبدالقادر رسول
زانست و زانیاری سەرەكیترین پایەی پێشكەوتن و بەختەوەرییە، زانست و زانیاری لەهەمو شت گرنگترن چونكە تەنها بەو دوو شتە دەتوانین بگەینە دەرئەنجامی هۆشمەندی، ئەگەر زانست و زانیاری نەبێت ژیان و بگرە گەردونیش پڕدەبن لە جەهالەت و هەمو شتێك پوچ و بێ واتا دەبێت.
لە ڕوی ئایینیشەوە یەكەم سورەت كە بۆ پێغەمبەری مەزنمان دابەزیوە “العلق” ە كە بە وشەی “اقرأ” دەست پێدەكات واتا بخوێنە، ئەمە بێجگە لە چەند ئایەتێكی دیكە لەم بارەیەوە یەكێك لەوانە ” قُلْ هَلْ ێسْتَوِی الَّژِینَ ێعْڵمُونَ ۆالَّژِینَ ڵا ێعْڵمُونَ ” ، واتا “ئایا ئەوانەی ئەزانن و ئەوانەی نازانن یەكسانن!”
بیرمەندانی بواری پەروەردە پێناسەی جیاوازیان لەسەر پەروەردە هەیە، ئەم جیاوازیانەش پەیوەندی بە دەورو نەقشی پەروەردەوە هەیە لە ژیانی تاك و كۆمەڵدا، ”ژان ژاك رۆسۆ” پەروەردە بە كەشتییەك دەشوبهێنێت كە دەتوانێت مرۆڤ لە زریان رزگار بكات. ئەو پێی وایە پەروەردە، بنەڕەت و ژێرخانێكە كە دەكرێت سەرخانی كۆمەڵگەیەكی تەندروستی لەسەر دروست بكەیت، “لێستەۆرد” ی كۆمەڵناس، پەروەردە بە كەرەستەیەك بۆ گۆڕان و پێشكەوتنی كۆمەڵگە ناودەبات و پێی وایە كە ئەنجامی ئەو گۆڕان و پێشكەوتنە ژیان باشی و خۆشبەختی تاكی لێ دەكەوێتەوە.
لەگەڵ ئەم هەموو گرنگییەی وڵاتان بەم بوارە دەیدەن و ساڵانە بوجەیەكی زۆر بۆ بواری پەروەردە تەرخان دەكەن بۆ ئەوەی نەوەیەكی ڕۆشنبیرو داهێنەر بەرهەم بێنن بۆ كۆمەڵگەكەیان و بتوانن خزمەتێكی زۆری خەڵك و وڵاتەكەیان بكەن، ئەم گرنگییەشیان لە خۆشەویستی و دڵسۆزیان بۆ وڵات و خەڵكەكەیان سەرچاوەی گرتووە، بەڵام دەبینین كە ئەم بوارە لەهەرێمی كوردستان پڕاوپڕ لە كەموكوڕییە.
قوتابی لە باخچەی ساوایانەوە دێتە قوتابخانە، لەوانەیە لە هەندێ باخچەی تایبەت و حكومییە ئاست بەرزەكان كۆمەڵێك پیت و ژمارە فێربووبێ، دێتە پۆلی یەكەمی بنەڕەتی.
پۆلی یەكەم سەرەتاییترین و گرنگترین قۆناغی خوێندنە، ئەو قۆناغەیە كە بونیادی كەسایەتی و هزر و بیری قوتابی تێدایە و دەبێ هەستیارانە مامەڵەی لەگەڵ بكرێ، قوتابی لە پۆلی یەكەم ڕێك وەك ئەو هەویرەیە كە لە دەستی نانەوا دایە و چۆن بیەوێ ئاوا دەیشێلێ و بەكاری دێنێ
وەكو لایەنی زانستی بەداخەوە دەبینین كەلێن و بۆشایی گەورە هەیە بە بڕیار و ڕێنمایی نادروست، كاتێك من پۆلی یەك بووم ساڵی ٢٠٠٣ بوو، مامۆستاكانمان ڕاستە توند بوون بەڵام جددی و ڕژد بوون لەوەی دەبێت فێرمان بكەن و فێریان كردین ، بە حەزی خۆمان بوا لەو كاتانە كە تازە چووبووینە ناو شەش ساڵی تەمەن هەر نەماندەخوێند و یاریمان دەكرد، بەڵام بوونی سیستەم و كارگێڕی و بەرنامە و كادیری پەروەردەیی بەهێز وای كرد ژێرخانێكی باشی پەروەردەییمان بۆ دروست بێ و كەم تا زۆر هەموومان بگەینە ئامانج، ئێمە لە پۆلی دوو و سێ داڕشتن و مانشێتی تیڤیمان دەنووسییەوە لێ ئێستا سەیردەكەی قوتابی پۆلی چواری بنەڕەتییە و نازانێ ناوی خۆی بنووسێ ! ئەی هاوار ئەمە چۆن دەرچووە؟
ڕێنماییەك هەیە دەڵێ قوتابی لە پۆلی ١ و ٢ و ٣ جگە لە كوردی و بیركاری نابێ لە هیچی تر بكەوێ، كوردی و بیركاریش ئاسانكاری تەواوی بۆ دەكرێ، واتا سیستەمەكە خۆی یارمەتیدەرە كە قوتابییەك هیچ نەزانێ لە پۆلی یەكەمەوە هەڵیگری پیاسەیەكی دوو و سێی پێبكەی و لە پۆلی چوار دایبنێی، لەكاتێكدا پێویستە بەهێزترین فلتەر لەو سێ قۆناغە سەرەتاییە بێ و بەهیچ شێوەیەك قوتابی دەرباز نەبێ تا بە تەواوی فێرنەبێ!
كارەساتێكی دەیكەی ئەم پڕۆسەیە پەڕاندنەوە و دەرچوواندنە، دراوسێكەیان، خزمێكی پوورزای، ئامۆزای كچەخاڵی لەو قوتابخانەیە مامۆستایە كە منداڵەكەیانی لێیە و كاتی تاقیكردنەوەكان تێلی بۆ دەكات و هەزار جار خۆی بەقوربان دەكات كە قوتابییەكە ئاستی لاوازە و دەریچوێنن، ئەوانیش لە قوتابخانە كە بووەتە بەڵا بۆیان و هیچ نازانێ دەریدەچوێنن و قوڕی بەسەر دەكەن دەچێتە پۆلێكی تر و دیسان سفڕە و هیچ نازانێ، ئەو مەهزەلەیە دەبێ بوەستێ چونكە زەرەرمەندی یەكەم خودی قوتابییەكەیە، مەعقوول چییە قوتابی پۆلی هەشتەم هاتۆتە لام وانەی عەرەبی بۆ شیكەمەوە نەزانێ فعل چییە و اسم چییە؟ پۆلی نۆ بێت و نەزانێ ناوی قوتابخانەكەی بە دروستی بنووسێ ؟ سەیرە!
ئەوەی بەدی دەكرێ ئەوەیە مامۆستا و كارگێڕی، سیستەم و پەروەردە هەمووی لە خزمەتی حەز و خولیای نادروستی قوتابی و بەخێوكاری دایە، كەم دایك و باوك هەن حەز بە دەرنەچوونی ڕۆڵەكانیان بكەن لەكاتێك باش دەزانن ئاستی لاوازە، هەر دەڵێن گوناحە با دەربچێ و ڕێنمایی و بڕیارەكەش بەدڵی ئەوانە. لێرەدا بەرپرسیارەتیی گەورە و پلەیەك لە ئەستۆی بەخێوكارانە كە هەماهەنگ بن لەگەڵ قوتابخانە و لەحاڵەتی پێویست قوتابیەكانیان بهێڵنەوە تا ئایندەیان وێران نەبێ….
رۆژێكیان جەلال پەرێشانی .پەرلەمانتار لە كۆبوونەوەیەكدا كە وەزیری پەروەردە تێیدا ئامادە بوو وتی پێویستە لێدان بگەڕێتەوە ناوەندەكانی خوێندن تا شێوازێك ڕێز و ئەدەب لە قوتابخانەكان بەدی بكرێ، ئەوكات جەنابی وەزیر وەڵامی داوە كە ناوەندی خوێندن فەلاقەخانە نییە و نابێ شتی وا ڕووبدات ، لێ پێویستە لێدانی سووك بگەڕێتەوە، چۆن؟
قوتابی لە ماڵەوە و لە ژینگەیەكی ناپەروەردەیی ئەوەندە نازی دەدرێتێ بێكەڵك دەبێ، دێتە قوتابخانەش هەرچەند مامۆستا هەوڵی لەگەڵ دەدا و تكای لێ دەكا ناخوێنێ، گەر لەم حاڵەتە زللەیەكی هێواش یان گوێ گرتن ێك بوونی نەبێ وەكو زەمانی ئێمە، ئەوا ئەو قوتابییە هەر ناخوێنێ و دەچێتە پۆلی ٤ و مامۆستا و ماڵەوە تووشی جەڵدە و غەم و مەراق دەكا.
پێویستە ئەم دۆخە چارەسەر بكرێ، هەموومان بەرپرسین ، من بە نووسین و گەیاندن، تۆ بەدواداچوونی فێربوون و هێشتنەوەی قوتابیەكەت لە كاتی پێویست، ئەو بە گۆڕانكاری بڕیار و ڕێنمایی و بەرەوپێشبردنی پەروەردە.
گەر وا نەكەین نەوەیەكی سەد لە سەد نەخوێندەوار بەرهەمدێ، هەمووشمان زەرەرمەند دەبین چونكە ئەو نەوەیە كوڕ و برازا و ئامۆزای من و تۆ و ئەوە.