بڕیارە شاندێکی هەرێمی کوردستان کە لە پارێزگار و سەرپەرشتاری ئیدارە سەربەخۆکان پێک دێن، بە سەردانێکی فەرمی بچنە ئێران و سێ ڕۆژ بمێننەوە.
سابیر حوسێن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ڕاگەیاندووە: “شاندەکە کۆتایی ئەم مانگە (ئایار) دەچنە ئێران و لەوێش سەردانی شاری ورمێ دەکەن، بڕیاریشە سێ ڕۆژ لەو شارە بمێننەوە و چەندین کۆبوونەوەی گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی ئەو شارە بکەن”.
ژمارەیەک شاندی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، یاوەریی شاندەکەی هەرێمی کوردستان دەکەن و لە کۆبوونەوەکاندا پارێزگارانی ورمێ، کرماشان و سنە بەشداری دەکەن.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر باسی لەوەش كردووە: “سەردانەکە بۆ پەرەپێدان و پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێرانە لە بواری کولتووری و ئابووری”.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەگەڵ وڵاتی دراوسێ پەیوەندییەکانی پتەوتر بکات و هەماهەنگیی زیاتری کارگێڕی و ئابووری لە نێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و شارەکانی وڵاتانی دراوسێدا بکات.