زاری كرمانجی – سۆران
تەحسین سەعدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، بە زاری كرمانجی گوت: دوای ئەوەی كە زانیمان لە گەڕەكی جوندیان دوو، كێشەی ئاو هەیە، خۆم سەردانی ئەو شوێنەم كرد، دیار بوو كە لە دوو خاڵی سەرەكی كێشە هەیە، ئەویش چەند ماڵێك كە ئاویان بۆ ناچێت بڕیارمانداوە تا كۆتایی ئەم هەفتەیە تۆڕی ئاویان بۆ دابنێین، كێشەی دیكەش ئەوەیە كە بەشی ناوەندی گەڕەكەكە ئاویان كەم بۆ دەچێت، بەڵام دوای دەستكاری كردن كەمێك باشتر بووە.
بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، گوتیشی: لەبەر ئەوەی پڕۆژەكە بە تەواوی كۆتایی پێنەهاتووە، بۆیە هێشتا كێشەی ئاو لەو گەڕەكە بەردەوامە، چونكە پڕۆژەكە دوو قۆناغە، یەكەمیان تۆڕی ئاو بوو كە چاك كرا، ئەوەی دیكەیان پێویستیمان بە كارەبای بەردەوامە، هەروەها كێشەیەكی دیكەش كەمی ئاوە كە تەنها 45 خولەكمان لەبەردەستە، لەبەر ئەوەی كارەبای نیشتمانیمان كەمە، بەڵام لە بەڕێوەبەرایەتی كارەبا پڕۆژەیەك هەیە و پڕۆژەكە 80% تەواو بووە، هێڵێكی تایبەتی كارەبا بۆ پڕۆژەكە دەبردرێت ئەو كات زیاتر لە كاتژمێرێك دەتوانین ئاو بۆ گەڕەكەكە دابین بكەین، بۆیە هەموو هەوڵێك دەدەین تا كۆتای ئەم هەفتەیە ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین.