زاری كرمانجی – سۆران :
نۆ پارت و لایەنی سیاسیی توركمانەكانی هەرێمی كوردستان، لە راگەیاندراوێكدا نیگەرانی خۆیان لە بارەی گۆڕانكارییەكان لە مادەی 13 و 14ـی پرۆژە یاسای بودجەی گشتیی عێراق كە پەیوەستە بە پشكی هەرێمی كوردستان نیشاندا و دەڵێن : “نیگەرانین لەو هەوڵە خراپانەی بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دەدرێن، دووپاتی دەكەینەوە دەنگمان دەخەینە پاڵ دەنگی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان.”
پارتی گەشەپێدانی توركمانی، پارتی دیموكراتی توركمانی، كۆمەڵەی رۆشنبیریی توركمانی، لیستی میللەت، حیزبی شرووقی توركمانی، بزووتنەوەی دیموكراتی توركمانی، حیزبی رزگاری توركمانی، رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنیی توركمانی و یەكێتی لاوانی توركمان، لە راگەیاندراوەكەی خۆیاندا دووپاتی دەكەنەوە كە دەنگیان دەخەنە پاڵ دەنگی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و”بەتەواوی پشتگیری بەیاننامەكە دەكەین.” هەروەها ئەوەش دەڵێن : “وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی ئەم هەرێمە و بەشێك لە دانیشتووانی هەرێمی كوردستان، بەشدارین لە شانازی و دەستكەوتەكانی حكومەتی هەرێمی كورستان و هاوخەمی دانیشتووان و پێكهاتەكانی كوردستان و قەوارەی هەرێمین، بۆیە رایدەگەیەنین بە هەموو شێوەیەك وەك لە پێشتر پشتگیری رێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی بەغدامان كرد، ئێستا ئێمە نیگەرانین لەو هەوڵە خراپانەی بۆ تێكدانی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا دەدرێت.”