زاری كرمانجی- سۆران:
بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، لە ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەست بە جێبەجێکردنی یاسای پەروەردە دەکرێت کە خاڵی زۆر گرنگی بۆ پەروەردە تێدایە و کەرتی پەروەردە زۆر بەباشی ڕێک دەخاتەوە، بۆیە ئێمەش ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەر دەکەین بۆ ئەوەی بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە.
دکتۆر سەیوان فەرەج، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: ”دوای پەسەندکردنی یاسای پەروەردە لە پەرلەمانی کوردستان و ئیمزاکردنی لەلایەن سەرۆکی هەرێم و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا لەساڵی داهاتوو لە دەستپێکی خوێندندا دەست بە جێبەجێکردنی یاساکە دەکرێت و لەژێر ڕۆشناییی یاساکەدا ئێمە ڕێنمایی دەر دەکەین و ناتوانین یەک وشە بگۆڕین و پێویستە وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت.”
دکتۆر سەیوان فەرەج گوتیشی: یاساکە لە 181 ماددە پێک دێت، زۆر گرنگە و گۆڕانکاریی باش لە کەرتی پەروەردە دەکات، لە وەرگرتنی قوتابیان و دەوام و مووچەی مامۆستا و شتی زۆر باشی تێدایە، بۆیە کەرتی پەروەردە زۆر بەباشی ڕێک دەخاتەوە، ئەگەر یاساکە جێبەجێ بکرێت، چونکە یاسایەکی زۆر باشە و لە خزمەتی پەروەردەدایە، بۆیە ئێمەش دەست بە دەرکردنی ڕێنمایی دەکەین بۆ ئەوەی ئەو یاسایە جێبەجێ بکرێت.