سەردار قازی ـ رواندز:
یەكەمین وەرز یانە لە خولی یانە پلە یەكەكانی كوردستان، بەچڕی كەوتوونەتە خۆ و رۆژ دوای رۆژ ریزەكانی یانەكە بەهێزتر دەكەن.
یانەی رواندز لە پاڵ هەڵۆكانی بارزان، نوێنەرایەتی ئیدارەی سۆران دەكەن لە ركابەری پلە یەكەكانی كوردستان، ئەمساڵ بەچڕی ئامادەسازییان دەستپێكردووە.
چەند رۆژێكە یانەی رواندز بەشێوەیەكی رێكخراو، ئامادەسازی بۆ وەرزی نوێ دەكات و بڕیارە لەچەند رۆژی ئایندە ژمارەیەك گرێبەستی نوێ رابگەیێنن، كە كۆمەڵە یاریزانی دیاری ناوخۆ و دەرەوەی لەخۆگرتووە.
هیمداد نەسرەدین، گوتەبێژی یانەی رواندز بەزاری كرمانجی گوت:” لەچەند رۆژی داهاتوو كۆمەڵێك گرێبەستی گەورە ئاشكرا دەكەین، كە هەوادارانی وەرزشی دەڤەرەكە شۆك دەكات.”
درێژەی پێدا،” وەرزی رابردوو تیپی لاوانی یانەكەمان سەرپەرشتی كرد بۆ بەشداریكردن لە ركابەری خولی نایاب و لەوێ كۆمەڵێك لاوێكی دەڤەرەكە درەوشانەوە ئەمساڵ 5 یاریزان لەتیپی یەكەم یاریی دەكەن.”
ئاماژە بەوەشدەدات، كە بەردەوام دەبن لە هاوكاری و پاڵپشتی تیپی لاوان، لەپێناو ئەوەی لەساڵانی ئایندە رێژەی یاریزانە خۆماڵییەكان لەتیپی یەكەمی یانەكە زیاتر بكەن.
هیمداد ئاشكرای كرد،” لەپلانماندایە بۆ دوو وەرزی داهاتوو رێژەی 80% ـی تیپی تۆپی پێی یانەكە لە یاریزانانی رواندز و دەوروبەری بێت، دەمانەوێ بە یاریزانی خۆماڵییەوە كێبڕكێی زلهێزەكانی كوردستان بكەین.”
ئەوەشی خستەروو، كە لەرۆژانی داهاتوو پێكهاتەی یانەكە بەتەواوەتی جێگیر دەكەن و فۆكس دەخەنە سەر ئامانجی ئەم وەرزەیان.
رواندز، وەرزی رابردوو لەپاڵ یانەكانی برادۆست و زانكۆی جیهان، سەركەوت بۆ ریزی یانە پلەیەكەكان. خولەكە بە بەشداری 19 یانە دەبێت.