مههدى محهممهد – زارى كرمانجي :
سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە ڕاگەیانداروێکدا ئەم دۆخەی ئێستا بەغدا خولقاندوویەتی لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان بە خیانەت ناوی دەبات و دەڵێت : ڕووی ڕاستەقینەی بەغدا جارێکی تر دەرکەوت .
محەممەدی حاجی مەحموود لە واڵەکەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک باس لە دوا پێشهاتەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و ئەوەی ئێستا لە بەغدا دەگوزەرێت بە دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی حکومەتی عێراقە بەرامبەر بە هاونیشتمانییانی کوردستان، کە خۆی لە وشککردنی سەرچاوەی ئابووری و دارایی و ڕێگەگرتن لە هەناردەی نەوتی هەرێم و ڕێگریکردن لە هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ ناوەند و دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و موڵکی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە دابڕاوەکان و گوێنەگرتن بۆ داوا ڕەواکانی میللەتەکەمان و نەناردنی بودجە و مووچە بۆ هەرێم ناو دەبات.
محەممەدی حاجی مەحموود قبووڵکردنی ئەو دۆخە و ڕازیبوون پێی، بە گەڕانەوە بۆ چوارچێوەی سەرەتا و سفر دەزانێت و داواکارە لە لایەنی پەیوەندیداری هەرێم بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ئەو بارودۆخە نەکەن و دووپاتی دەکاتەوە کە پێویستە ئەم مەهزەلەیە ڕابگیرێت و دامودەزگا شەرعی و قانونییەکانی هەرێمی کوردستان و هێز و و لایەنە سیاسییەکان و چارەنووسی میللەتێک نەخەنە بەردەستی ناحەزان، بۆیە ئەوەش دەڵێ :”ئێمە سووربوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی نەتەوەیی و نیشتمانی و بەرگری لە خاک و خەڵک و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و کیمیاباران و ئەنفالکراوان.”
داواکاریشە لە حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم و قەزایی کوردستان بە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆیان هەستن و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بکەن.