موڕشید برادۆستی – سیدەكان:
ماوەیەكە دەست بە پڕۆژەی رێگەی گوندەكانی دۆڵی زەرزێ لە سنووری قەزای سیدەكان كراوە و كەوتۆتە واری جێبەجێكردن، بەڵام بەهۆی هەبوونی تۆڕی ئاوی خواردنەوە لە نێوەندی رێگەكە گرفتی زۆر بۆ فەرمانگەی ئاو و دواجار بۆ پڕۆژەكەش دروست كرد، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی ناوچەكەش، دەڵێت:” لە ئێستادا خەریكی دانانی تۆڕێكی دیكەی ئاوین.
قارەمان شێخۆ بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” تۆڕی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانانی سەنتەری سیدەكان كە سەرچاوەكەی لە كوێستانی بەربزینە، بە درێژای 10 كیلۆمەتر كەوتۆتە نێوەندی رێگای دۆڵی زەرزێ، پڕۆژەی چاككردنی رێگاكەش دەستی پێكراوە، لە وەرزی زستان و تەنانەت وەرزەكانی دیكەش زۆر جار تۆڕی ئاوی سەرەكی دەشكێت، بە مەبەستی چاكردنەوە دەبێت بە ناچاری شوێنەكە هەڵكۆڵین، بەڵام ئەگەر قیری لەسەر بكرێت ناتوانین لە كاتی شكان بە ئاسانی چاكی بكەینەوە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی سیدەكان، دەڵێت:” دوایی هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆری قایمقامی قەزای سیدەكان و بەڕێوەبەری ئاوی سۆران، لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربە خۆی سۆران ڕەزامەندیدرا لە پێناوی چارەسەری كێشەی بۆڕی ئاوی سەرەكی سیدەكان و تێك نەچوونی رێگەی دۆڵی زەرزێ، لە ئێستادا دەستكرا بەدانانی بۆڕیەكی دیكە لە لێواری ڕێگای دۆڵی زەرزێ بە درێژایی10كیلۆمەتر و كاركردنی تێدا بەردەوامە.
گووتیشی:” بە تەواو بوون و دانانی ئەو بۆریەی ئاو، مەترسی لەسەر تۆڕی دابەش كردنی ئاوی خواردنەوەی دانیشتوانانی سیدەكان دروست نابێت.