ئا: محەمەد هەسنانی
نووسینی مێخی یان بزماری كۆنترین نووسینە كە سۆمەرییەكان لە هەزارەی چوارەمی پێش زاینی دایان هێناوە، مێژووەكەی دەگەڕێتەوە بۆ 3500 ساڵ بەر لە زاینی، سەرەتا بۆ گەورە پیاوانی پەرستگاكان بووە، پاشان بە تەواوەتی نووسینی مێخی لە شارستانیەتی ((میزۆپۆتامیا)) بڵاوەی كردووە.
ئەژین جەوهەر، دەرچووی كۆلێژی شوێنەواری زانكۆی سەڵاحەدین، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بەپێی سەرچاوە مێژوییەكان بەكارهێنانی نووسینی مێخی دەگەڕێتەوە بۆ 3500 ساڵ بەر لەزاینی، سەرەتا بۆ گەورە پیاوانی پەرستگاكان بووە، پاشان بە تەواوەتی نووسینی مێخی لە شارستانیەتی ((میزۆپۆتامیا)) بڵاوەی كردووە، یەكەم جار بە شێوازی وێنەیی بووە، بۆ مەبەستێكی ئابووری و بۆ رێكخستن و تۆماركردنی و كۆنترۆڵكردنی موڵكایەتیەكانی پەرستگاكە، ئەوكات دامەزراوەیەكی ئیداریش بووە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەتە شارەكان city states بەكارهێنانی ناوی نووسینی مێخی دوای پەرەسەندنی نووسینی وێنەییە بۆ نووسینێكی شێوە بزماری یاخود مێخی، بەهۆی شێوەی قەڵەمی نووسینەكەوە سێگۆشە بووە و هێڵی شێوە مێخی جێهێشتووە، لەسەر تابلێتەكە لە كاتی نووسیندا و ئارەستەی نووسینەكەش لە چەپەوە بۆ راست بووە نووسینی مێخی بەوە جیا ئەكرێتەوە كە نووسینێكی بڕگەییە لە خوێندنەوەدا، ئەم نووسینە بە هەموو جیهانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی كۆندا بڵاوە بووەتەوە و تا سەدەی یەكەمی پێش زاینی بەردەوام بووە”.
ئەوەش دەخاتەڕوو: ماددەی سەرەكی لە میزۆپۆتامیا بۆ نووسین بریتی بووە لە گڵ، كە دوای كۆمەڵێك پاكسازی بۆ قوڕەكە تابلێتی لێ دروستكراوە هەر بە شێداری لەسەری نووسراوە بە قەڵەمێك كە زیاتر لە قامیش و هەندێك جاریش لە تەختە یاخود ئێسقان دروستكراوە جگە لە گڵ (نووسینی مێخی لەسەر بەرد و كانزاش كراوە) بەڵام بە شێوەیەكی كەمتر قۆناغی نووسینی وێنەیی pictographic هێماكان وێنەیین و بە قەڵەمێكی قامیشی stylus لەسەر تابلێتە گڵەكان بە هێڵی چەماوە دروستكراون زۆر هەوڵی گرینگ دراون بۆ لێكدانەوەی نووسینی مێخی كە بە جوانترین چیرۆك دائەنرێت، لە دۆزینەوەی زانستی لە سەدەی نوێدا كە بووە بە یاریدەدەر بۆ تێگەیشتن لە شارستەنییەتی كۆن”.
نووسینی مێخی بۆ ئەوروپا كە ناوێكی لاتینی (cuniform) بەسەردا بڕاوە ئەم نموونەیە بە سێ زمان شلۆڤەی بۆكرا (trilingral) لێكدانەوەی هێماكانی ئەو نووسینە ئەگەڕێتەوە بۆ توێژەری دانیماركی (كارستن نیپوە) لە ساڵی (١٧٦٣) كە كۆمەڵێك دەقی مێخی دەستكەوتبوون زمانی سۆمەری زمانی نەتەوەیەكی كۆنە لە شارستانیەتی میزۆپۆتامیا ماوەیەكی زۆری پێچووە تا توانرا زمانەكە لێكبدرێتەوە، زۆربەی ئەو دەقانەی دۆزراونەتەوە لە زمانی سۆمەری بە دەقی دوانی دائەنرێن واتا (بابلی و سۆمەری ) وەك ئەو دەقەی لە كتێبخانەی پادشای ئاشووری (ئاشوور پانیپاڵ) كە لە نەینەوا دۆزراوەتەوە.