بەهائەدین حەسەن
هەڵبژاردن مافێکی ڕەوای خەڵکی هەرێمی کوردستانە ، بەپێی دەستوور هەڵبژاردن وەک سەرچاوەی یاساکانی دیکەیەو بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە، ئەگەر بۆ هەر هەرێم و دەوڵەتێک گرنگ و پێویست بێت، ئەوە بۆ کوردستان یەکجار گرنگ و پێویستترە، بۆیە مافی هیچ لایەنێکی سیاسی نییە بیر لەوە بکاتەوە کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوا بخات ، چونکە ئەوە مافێکی گشتییە، بۆیە پێویستە لە کاتی خۆیدا بکرێت و ڕێگە نەدرێت هیچ حزبێک ببێتە هۆکاری دواخستنی.’
پارتی لەپێناو پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیان و پاراستنی سومعەی هەرێمی کوردستان و ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان هەیە، لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا سوورە و دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت لایەنە سیاسیەکانی تریش رازی بکات بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کات و ساتی خۆیدا ئەنجام بدرێت ، سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەتیش هەمیشە جەخت لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد و لایەنە سیاسیەکان دەکەنەوە.
سەرۆک بارزانی، هەر لەپێش پرۆسەی
هەڵبژاردن و تا دوای پرۆسەکەش کار بۆ ئەوە دەکات کە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان خزمەتی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بکات، هەمیشە جەخت لە دەستپێشخەری بۆ یەکڕیزی نێو مالی کورد دەکات و هەموو کات داوا لە ھەموو ھێز و لایەنە سیاسیەکان دەکات تەبا و یەکگرتبووبن .
سەرۆک بارزانی ، وەک سەرۆکێکی کاریزمی و دونیابین و تێگەیشتوو بۆ تەواوی بابەتەکان وێنای دەکرێت ،کە ئەمەش کاریگەری لەسەر لایەنە سیاسیەکان دەبێت کە هەموو کات بەدەم بانگەوازی سەرۆک بارزانیەوە بچن بۆ کۆتای هێنان بە کێشە و تەنگەژەی نێوانیان.