زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
رائید نەبی خۆشەوی، ئەندام بەشی راگەیاندن لە بەتاڵیۆنی مێرگەسوری پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە، بۆ زاری كرمانجی گوتی:” لە دەڤەری بارزان ئەركی ژینگەپارێزی و ئاژەڵ دۆستی بەباشی پەیڕەو دەكرێت، نەك وەك ئەرك بگرە وەك بیروباوەڕ بەراورد بە ناوچاكانی تر، ئەم بیرو باوەڕە لە كۆنەوە لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلامی یەكەم، شێخ محەمەد، شێخ ئەحمەد و بارزانی نەمر بۆمان ماوەتەوە، ئێستاش سەرۆك بارزانی درێژەپێدەری هەمان ڕێبازە، دوای بەهاری ساڵی 1991 بارزان لەڕووی ژینگەوە بەڕێژەی 95% بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەو ئەندام بەشەی راگەیاندن لە بەتاڵیۆنی مێرگەسوری پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە، گوتیشی:” وەك ئاشكرایە لە دەڤەرەكە داربڕین و ڕاوكردن بەهەموو شێوەیەك قەدەغەكراوە، ئەوەی سەرپێچی بكات سزا دەدرێت هەرچەندە بەگشتی سەرپێچی كردن كەمە مەگەر كەسێك لە ناوچەیەكی تر هاتبێت و شارەزای ڕێساویاساكانی ئەو ناوچەیە نەبێت كاری وائەنجام بدات ئەوا سزا دەدرێت و سزای ئێمە بۆ ئەو كەسانە زیاتر ڕێگری كردن و ئاگادار كردنەوەیە نەك رووخاندن و شكاندنی كەسایەتی ئەو كەسەی سەرپێچی كردووە، بەڵام ئەگەر دووبارەی كردەوە سزاكە قوڕستر دەبێت و دەبێتە سزای ماددی و سزای تر و جیاوازی ناكەین لە نێوان خەڵكی ناوچەكە و كەسانی تر.