دیدار- پشتیوان كەریم
د.محەمەد حەمەدئەمین خەتی، پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و تازە لە دایك بووان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی باس لە چەند نەخۆشییەكی منداڵان بەگشتی و تووشبوون بە هەوكردنی پەردەی مێشك بەتایبەتی دەكات، هەروەها نیشانەكانی نەخۆشییەكە و رێكارەكانی خۆپاراستنی ئەم پەتایەش دەخاتەڕوو.
لە دەستپێكی قسەكانیدا، لەبارەی هەوكردنی پەردەی مێشكی منداڵان دەڵێت” مێشكی مرۆڤ بە پەردەیەك دەور دراوە كە لە سێ چین پێك دێت، پەردەكە پێی دەوترێت مێنێجیس بەكوردیش پەردەی مێشك، چەند هۆكارێك هەن، دەبنە ئەگەری تووشبوون بە ئیلتیهابات، كە پەردەكە دەشێ بەهۆی میكڕۆب كە دەنگونجێن بە ڤایرۆس یان بەكتریا، یاخود مشەخۆر و كەڕوو بێت، ئەوەی ئێستا گومانی لێدەكرێت كە بڵاوبۆتەوە بەهۆی ڤایرۆسەوە لەماوەی زۆر كەم بەشێكی زۆر منداڵ تووشی بوون، هەروەها ئەم نەخۆشییە دەكرێت لە هەموو تەمەنێك رووبدات بەدیاریكراوی ئەوانەی كە نەخۆشی درێژخایەن و دەرمانی كیمیاوی بەكاردێنن، یان بەرگریان لاوازە، بەڵام لە منداڵان زیاترە و لە كەسێك بۆ كەسێك جیاوازی هەیە ئەو كۆمەڵە نیشانانەی دەكرێت دایك و باوك نەخۆشییەكەی پێ بناسنەوە تای بەهێز، سەرئێشەی تووند، رشانەوەی تووند و بەهێز، هەستیاربوون بە رووناكی كەوا دەكات منداڵەكە حەز بە تاریكی بكات و لە شوێنی ئارام بێت، بەردەوام هەست بە بێتاقەتی دەكات و ئەگەر حاڵەتەكە تووند بێت لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی منداڵەكە گەشكەی پێ بگرێت، هەروەها ئەگەر ئەو منداڵانەی كە زۆر ساوان تووشی ببن رەنگە لە ماوەی 24 كاتژمێر ببێتە ئەگەری مردنی، بەڵام لە منداڵی سەروو 18 ساڵ كەمتر بێتاقەت دەبێ خۆراك و شیری پێناخورێت و تای بەهێز دەگرێت .
زیاتر گووتی” رێنماییەكان بۆ ئەو پەتایە بەدیاریكراوی ئەوەیە لە دایك و باوكان نەخۆشییەكە ڤایرۆسییە خۆپاراستن زۆر گرنگە لەوەی كە چارەسەر بكرێت، پێویستە منداڵێك كە نەخۆش دەبێت منداڵەكانی دیكەی لێ دووربكرێنەوە و لێنەگەڕێن بچێتە دەرەوە چونكە خێرا بڵاو دەبێتەوە، پێویستە دەمامك بەكار بهێنن و زوو زوو دەستەكانیان بشۆن، ئەم پەتایەش نوێ نییە زیاتر لە 200 بۆ 240 ساڵ لەمەوبەر وەك پەتا لە ئەفریقا بڵاوبۆتەوە و ژمارەیەكی زۆری خەڵك ئەو كات تووشی بوون و گیانیان لەدەستداوە.
ئەم پزیشكە لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لە بارەی منداڵی لەدایك بوون و زۆربوونی منداڵ بە نەشتەرگەری روونیشیكردەوە” بەگشتی ئەو ئافرەتانەی دووگیانن لە هەمانكاتدا پاڵەپەستۆی خوێن، شەكرە یان نەخۆشی دیكەی هەبێت، دەبێـتە هۆی ئەوەی منداڵەكیان بە نەشتەرگەری ببێت ئەمەش حاڵەتی زەروورە، بەڵام بەشێكیان كە لە ئێستادا هەن حاڵەتەكان زەروور نین دایكەكە بۆ ئەوەی ئازاری كەم بێت یان بەرواری جوان بێت داوا دەكات نەشتەرگەری بۆ ئەنجام بدەن، ئەوانەی بە نازەرووریش نەشتەرگەری منداڵبوون ئەنجام دەدەن، كاریگەری زۆر خراپ لەسەر منداڵ بەجێ دەهێڵێت، بەڵام ئازاری زۆرترە نەشتەرگەری بەماوەیەكی كەم لەدایك دەبێت، ئەمەش دوو جۆری هەیە بەشێكی حاڵەتی فریاگوزرایە و ئەوەی دیكەشیان هەڵبژاردەیە، هەروەها بەپێی زانستی پزیكیش منداڵی تازە لەدایك بوو وەك یەك نییە كۆرپەی كوڕ وەزنی هەندێك گەورەترە لە كچ، كاتێ كۆرپە لەدایك دەبێ نابێ لە دوو كیلۆ كەمتر بێت و لە سێ كیلۆ و نۆسەد زیاتر بێت، ئەو پشكنینانەی لە وڵاتانكراوە دەركەوتووە چەند كاریگەریەكی هەیە لەسەر ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەری دەبن لەداهاتوو تووشی قەڵەوی، رەبۆ، هەستیاری دەبن و زیرەكیان كەمترە لەوانەی بێ نەشتەرگەری دەبن، بۆیە منداڵ بوون بەشێوەی سروشتی تەندروستترە.
د. محەمەد حەمەد ئەمین خەتی، لە دوا قسەكانیدا سەبارەت بە لێدانی دەرزی هۆرمۆنی بۆ منداڵان ئاشكراشی كرد” هۆرمۆنی گەشە ئەوەیە كە لە قۆناغی گەشەی لە منداڵ دەدرێت، بۆئەوەی گەشە بكات و باڵای بەرز بێت، هەندێك لە منداڵان ئەو هۆرمۆنە بەشێوەی دەرزی لێ دەدرێت ئەگەر پێویستی پێبێت، بەڵام پێویستی نەبێت خراپە هۆرمۆنی پێبدرێت، كورتە باڵای دەبێ دەستنیشان بكرێت ئەوكات هۆرمۆنی وەربگرێت دایك و باوك ئەو كاتە هەست دەكەن كە منداڵەكەی باڵای كورتە بەراورد دەكات لە گەڵَ منداڵی هاوتەمەنی، هەروەها پشكنین بۆیان پێویستە لەبەر ئەوەی منداڵ لە قۆناغی گەشەكردنە پێویستی بەوەیە زیاتر پزیشك ببینێ بەتایبەت لە سەرەتای لەدایك بوون دوای 48 كاتژمێر ببینرێتەوە دوای یەك هەفتە، دوای مانگی یەكەم چەند جارێك تا شەش دوو مانگ جارێك ببینرێت دوای شەش مانگ سێ مانگ جارێك و منداڵی 18 مانگی بۆ 12 ساڵی پێویستە ساڵی جارێك پزیشك ببینرێت، ئەگەر منداڵەكە كێشەی نەبێت، هەروەها ئەمریكا تا 18ساڵ و بەریتانیا تا 15 ساڵی بەمنداڵ هەژمار دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان لە نەخۆشخانە حكوومیەیكان تا 15 ساڵی دەتوانێت چارەسەر وەربگرێت لەنەخۆشخانەی منداڵان”.