زاری كرمانجی – هەولێر:
هەفتەی داهاتوو بۆ دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەر دەكرێت بۆ ئەوەی دەست بەكارەكانیان بكەن.
دكتۆر محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، لەبارەی دروستكردنی 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هەژار و كەمدرامەتان گوتی: لەئێستادا رێكارەكان تەواوبوون و گەیشتۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە، ئێستا لە پارێزگای هەولێر دەست بەجێبەجێكردنی كراوە و وەبەرهێنەر و قیست و نرخ و زەویش دیاریكراون، هەفتەی داهاتووش بۆ دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر گرێبەست لەگەڵ وەبەرهێنەر دەكەین بۆ ئەوەی دەست بەكارەكانیان بكەن.
گوتیشی: جگە لەوەش ئاگاداری پارێزگاكانی دیكە و ئیدارە سەربەخۆكانمان كردووە ئەوانیش پەلە بكەن لە دیاریكردنی زەوی و وەبەرهێنەر، بۆ ئەوەی لە پارێزگاكانی دیكە و ئیدارە سەربەخۆكانیش دەست بە هەنگاوی كرداری بكرێت و دەست بەجێبەجێكردنی پرۆسەكە بكرێت.
باسی لەوەشكرد: لە هەولێر نرخێكی گونجاو دیاریكراوە و قیستەكانیش مانگانە دەبێت و درێژخایەنە كە 15 ساڵ دەخایەنێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە دیاریكردنی نرخەكان لەچاو یەكەكانی نیشتەجێبوون زۆر باشە و گونجاوە.