سەردار قازی ـ سۆران:
ئەمساڵ بۆ تاکە نوێنەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە خولی نایابی کوردستان پڕبوو لە دەسکەوتی مەزن، لە سەرووی هەموویەوە بووە دەسپێکێک بۆ چەسپاندنی هێز و رۆحیەتی کوڕانی پایتەختی شەهیدان لەریزەکانی پێشەوە و لە ئەرزدانی رکابەرە زەبەلاحەکان.
دەسکەوتی ئەمساڵی یانەی سۆران لەمێژووی یانەکە لە چوارچێوەی خولی نایاب وێنەی نەبووە، بەجۆرێک بوونە چوارەمی خولەکە کە پێشووتر ئەم ئەنجامەیان بەخۆوە نەبینیوە.
پاییزی ساڵی رابردوو دوای نووسینەوەی مێژوو لەگەڵ رواندز و سەرخستنی بۆ ریزی یانە پلە یەکەکان، رەفیق سەعید جارێکی دیکە گەڕایەوە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی سۆران، پێکهاتەیەکی پێکهێنا کە بەشێکی زۆری یاریزانەکان هی نێوەخۆ بوون و هاتە نێو رکابەری خولی نایاب.
13 ـی 10 ـی 2022 رۆژێکی ناخۆش بوو بۆ یانەی سۆران، چونکە لەیەکەم گەڕی وەرزی نوێی خولی نایاب 4-0 بە هەندرێن دۆڕان.
دوای شەش رۆژ دۆخەکە 180 پلە گۆڕا سۆران 3-2 لە یەکێک لە پڕ ئەستێرەترین یانەکانی قۆناخی یەکەمی بردەوە، کە یانەی دەربەندیخان بوو.
ئەنجامی یارییەکانی دیکەی قۆناخی یەکەم بەم شێوەیە بوون:-
سەیدسادق 2-1 سۆران
سۆران 1-1 پێشمەرگەی هەولێر
ئارارات 4-1 سۆران
سۆران 1-1 چەمچەماڵ
شەقڵاوە 1-0 سۆران
سۆران 3-2 چوارقوڕنە
ئاکرێ 0-1 سۆران
سۆران 0-1 زاخۆ
برایەتی 5-2 سۆران
سۆران 1-0 شێروانە
سیروانی نوێ 0-1 سۆران
سۆران1-3 دهۆک
لەکۆی 14 یاریی قۆناخی یەکەم سۆران 5 بردنەوە دوو یەکسانبوون و 7 شکستی تۆرمارکرد، 17 خاڵی کۆکردەوە.
لە ماوەی گواستنەوەی یاریزاناندا رەفیق سەعید، پێکهاتەکەی بە یاریزانی کوالێتی باشتر تازەکردەوە و قۆناخی دووەم ئەنجام و پێگەی یانەکە هەڵکشان.
ئەنجامەکان بەم شێوەیە بوون:-
سۆران 1-1 هەندرێن
دەربەندیخان 1-2 سۆران
سۆران 3-1 سەیدسادق
پێشمەرگە 2-1 سۆران
سۆران 0-6 ئارارات
ئەم یارییە گۆڕانکاری بەسەر پێگەی راهێنەر هێنا، لەلایەن کارگێڕی یانەکە بڕیاری دوورخرانەوەی رەفیق سەعید درا، کۆڤان نزمی یاریدەدەری شوێنی گرتەوە.
لەیەکەم یاریی سۆران لە ژێر سەرپەرشتی کۆڤان 3-0 لە چەمچەماڵی بردەوە.
سۆران3-2 شەقڵاوە
چوارقوڕنە 0-1 سۆران
سۆران 2-1 ئاکرێ
زاخۆ 1-0 سۆران
سۆران 2ـ2 برایەتی
شێروانە 3-3 سۆران
سۆران0-0 سیروانی نوێ
دهۆک 4-0 سۆران
لە قۆناخی دووەم سۆران لەکۆی 14 یاریی 6 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 4 شکستی تۆمارکردن.
توانیان 24 خاڵ کۆبکەنەوە.
کۆی گشتیی سۆران 28 یاریی ئەنجامدا 39 خاڵی کۆکردەوە، لە پلەی چوارەمی ریزبەند هات.
رێزدار وەلی، گۆڵکاری یانەکە بوو لەم وەرزەی خولی نایاب و 9 گۆڵی تۆمارکردن.
سدقی مەحموود، سەرۆکی یانەی سۆران دۆخی ئەم وەرزەی یانەکەی شیدەکاتەوە دەڵێت: “یانەکەمان لە وەرزی ڕابردوو توانی ببێتە جێی هیوای هاندەرانی و وەرزشوانانی دەڤەرەکەش بە گشتیی. کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئەرێنی روویاندا بەشێکیان بوونە هۆکاری پێشخستنی ئاستی یانەکەمان.”
دەشڵێت: “یانەی سۆران، بۆ زۆرێک لە یاریزانی دەرەوەی سۆران بووەتە شوێنێک کە تیایدا بتوانن بەهرەکانیان پیشان بدەن لەوەشەوە دەیڵێم توانیمان کۆمەڵێک یاریزانی بەهرەمەند پیشانی چاودێرانی تۆپی پێ لەکوردستان بدەین.”
سەرۆکی یانەی سۆران چڕتر دەپڕژێتە سەر دۆخی تیمەکە: “پێکهاتەی وەرزی رابردوومان تێکەڵەیەک بوو لە یاریزانی خۆجێیی و دەرەوەی سۆران هەمووشیان بە ورەیەکی بەرزەوە لەپێناو سۆران دەجەنگان، ئێستا بەرچاومان روونە ئیتر دەزانین چۆن چۆنی لە داهاتودا کێبڕکێی نازناوەکان بکەین.”
سدقی زیاتر دەربارەی ئاییندەی یانەکەی دەدوێت: “بۆ داهاتوو دەکرێت هەوڵ بدەین ژمارەی یاریزانی خۆجێی زیاتر بکەین لە پێکهاتەی سەرەکیمان، بەمەش دەمانەوێت لە ئەکادیمیای یانە و تیمی لاوان و تیپە مللیەکانەوە زیاتر وودبینەوە و بەهرەمەندەکان بدۆزینەوە.”
ئینجا لە دوا ئاخاوتنەکانیدا مژدەییەکی خۆشی بۆ هاندەران خستەروو: “ئەگەر بۆمان بڕەخسێت ئاسایی دەبینین بەشداری لە خولی عیڕاقی بکەین و هەوڵ بدەین ناوی سۆران لە هەموو عێڕاق لەڕووی وەرزشەوە بناسێنین.”