زاری كرمانجی – مێرگەسۆر:
لەو دوو مانگەدا 11 قاچاخچی دەستگیر كراون كە ویستوویانە لە رێگەی بێشوونی سەر بە قەزای مێرگەسۆر كوردانی رۆژئاوای كوردستان بە قاچاخ بپەڕێننەوە ئەو دیوی سنووری باكووری كوردستان.
عەلی دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری ئاسایشی مێرگەسۆر، بە زاری كرمانجی راگەیاند، لە مانگی 8 لە سنووری مێرگەسۆر 22 كەسمان دەستگیر كردوونە، لەوانە 7 قاچاخچی و 15 هاووڵاتی دیكە كە خەڵكی رۆژئاوای كوردستان بوونە، رۆژی 16ی ئەم مانگەش 3 قاچاخچی دیكە دەستگیر كراون، كە ویستوویانە 8 كوردی رۆژئاوای كوردستان بگەیێننە سنووری توركیا، بۆ هەر كەسێك بڕی 3 هەزار و 800 دۆلاریان وەرگرتووە.
بەڕێوەبەری ئاسایشی مێرگەسۆر، گوتیشی:” 4 لە قاچاخچییەكان خەڵكی سنووری توركیانە، ئەوانی دیكەش خەڵكی سنووری ئیدارەی سۆرانن، ویستوویانە لە سنوورەكان لە رێگەی گوندی بێشوون بیانپەڕێننەوە، بەڵام هەموویان دەستگیركراون.
دۆلەمەری، ئەوەش گوت:” ئەو كەسانەی كە ویستوویانە لە رێگەی قاچاخچییەكانەوە بچنە توركیا، پیاو و ئافرەت بوونە و هەموویان لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتیی هەولێرەوە رەوانەی دادگا كراون.
عەلی دۆڵەمەری، بەڕێوەبەری ئاسایشی مێرگەسۆر، ئەوەشی گوت:” رێگاكان وەكو پێشتر نین، لەشكری توركیا لەسەر سنوورەكان تەقە دەكەن هەر كەسێك نزیكی ئەو سنوورانە ببێتەوە ئەگەری هەیە تەقەیان لێ بكرێت و بكوژرێن”.