راپۆرت- محەمەد هەسنانی
بە پێی بە دواداچوونێكی زاری كرمانجی، بە شێك لە كاسبكاران و ئەو كەسانەی روودەكەنە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، لەكاتی كۆكردنەوەی گژو گیا بەهارییەكان، لە رەگەوە دەریان دەهێنن، ئەوەش زیانی زۆر بەژینگەی ناوچەكە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە بۆ داهاتوو ئەم گیا بەهاریانە روو لە كەمبوونەوەو نەمان بكەن، ئەمەش نیگەرانی ژینگەپارێزانی لێكەوتووەتەوە.
هەروەك دانیشتووانی گوندەكانی ناوچە شاخاوییەكانی سنووری ئیدارەی سۆران، نیگەرانی خۆیان دەردەبڕن لەوەی كە كەسانێك لەكاتی رووكردنە ناوچە شاخاوییەكانی سنوورەكەیان و بە مەبەستی كۆكردنەوەی گژو گیا بەهارییەكان، بێویژدانانە لە رەگەوە دەریان دەهێنن، ئەوەش كاریگەری دەكاتە سەر ئەوەی كە بۆ ئایندە ئەم گیا بەهاریانە روو لە كەمبوونەوەو لە ناوچوون بكەن، بۆ رێگری لەم دیاردەیە وێڕای داخستنی رێگا لاوەكییەكانی سنووری گوندەكانیان، بۆ ئەوەی دەستی ئەو جۆرە كەسانە بە وێرانكردنی ژینگەی ناوچەكانیان نەگات، داواكاریشن لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و ژینگە پارێزان رێگری لەو جۆرە كەسانە بگیرێت و سزایەكیش هەبێت بۆ ئەوانەی زیان بە ژینگە دەگەیەنن”.
ئاخیر سەدیق، چالاكوانی ژینگە پارێزی لە سنووری ئیدارەی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” ئەگەرچی گژو گیای بەهاری بەخشیشێكی خودایە كە لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوورەكەمان دەڕوێت، كە جگە لە بەخشینی سیمایەكی جوان لە هەمانكاتیشدا، وەك بەشێك لە سەرچاوەی خۆراك بەكار دەهێنرێن، هەروەك سەرچاوە پزیشكییەكانیش سوودەكانیان پشتڕاست كردۆتەوە بۆ تەندروستی مرۆڤ، بۆیە ئەركە هەوڵبدەین پارێزگاریان لێبكەین تا زیاتر گەشە بەخۆیانەوە ببینین نەك لە ناو ببرێن و قڕبكرێن”.
گووتیشی: ” بەداخەوە زۆرجار بینیومانە كەسانێك بێویژدانانە لەكاتی كۆكردنەوەیان ئەو گیا بەهاریانە لە رەگەوە دەردەهێنن، ئەمەش كاریگەری زۆری دەبێت لەسەر كەمبوونەوەو نەمانیان، هیوادارین هەموولایەك لە ئاست ئەو قڕكردنەی بەرامبەر بە ژینگە دەكرێت هەست بە بەرپرسیاریەتی بكەین و رێگریان لێبكەین، ئەگەرنا بە پێچەوانە بۆ چەند ساڵێكی دیكە گیا بەهارییەكان زۆر روو لە كەمبووەنەوە دەكەن و سروشتی دەڤەرەكەمان سیمای جوانی خۆی لەدەست دەدات.
سیروان مزوری بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران، بە زاری كرمانجی گووت:” لە ناوچە شاخاوییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، جۆرەها گژو گیای سروشتی دەڕوێن بەتایبەتیش لەم وەرزەی بەهاردا، ئەوەش سیمایەكی جوانی بە دەڤەرەكە بەخشیووە، لەهەمانكاتیشدا، بۆتە هۆكارێك كە رۆژانە خەڵكێكی زۆر روو لەو ناوچە شاخاویانە بكات، بە مەبەستی هێنان و كۆكردنەوەی گژو گیایی بەهاری، بەشێك لەوانە بەتایبەتی كاسبكاران بە مەبەستی هێنان و فرۆشتنەوەیان لە بازاڕدا روو لە هێنانی ئەو گژو گیا بەهاریانە دەكەن و دەیان فرۆشنەوە، لەو رێگەیەوە بڕە پارەیەك بۆ خۆیان دەستەبەر دەكەن، كەچی ئەوەی جێگەی نیگەرانییە هەندێ لەو جۆرە كەسانە بە شێوەیەكی بێویژدانانە گیا بەهارییەكان لە ڕەگەوە دەردەهێنن، ئەوەش و زیانی گەورە بە ژینگە و كەم بوونەوەو لەناو چوونی گیا بەهارییەكان دەگەیەنن و بەبێ ئەوەی بیر لە داهاتوویان بكەنەوە”.
بەرپرسی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە، ئەوەشی خستەڕوو:” ئەركە هەر تاكێكی ئەم وڵاتە لەهەمبەر پاراستنی ژینگە هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و لەكاتی كۆكردنەوەی گژو گیا بەهارییەكان، بێویژدانانە هەڵسوكەوت نەكەت و بە رەگەوە دەریان نەهێنن، بۆ ئەوەی سروشتی كوردستان گەشە بكات و ئەوەش لەبەرژەوەندی هەمووانە و كوردستانی ئێمە بە ژینگە و سروشتەوە جوانە، نەك ببینە هۆكاری لەناو بردن و قڕكردنی ژینگە و وێرانكردنی سرووشتی كوردستان”.
ئاماژەی بەوەشدا:” بەپێی تێبینی و بەدواداچوونەكانمان تەنانەت گەیشتووەتە ئەو رادەیەی خەڵكانێك بە شێوەیەكی وا زیان بە ژینگە بگەیەنن، خەڵكی گوندەكانی سنوورەكە لێی نیگەران بێت و رێگە لاوەكیەكان دابخەن، بۆ ئەوەی دەستی ئەو كەسانە بە سروشت و گژو گیا بەهارییەكان نەگات و لە رەگ و ریشەوە دەریان نەهێنن، زۆرجار دەمەقاڵێ لە نێوان خەڵكی گوندەكان لەگەڵ ئەو كەسانەی شارۆچكە و ناوچەكانی دیكەی كوردستان دروست بووە كە روودەكەنە سنوورەكانیان، لەسەر شێوازی زیان گەیاندن بە ژینگە و سروشتی ناوچەكانیان”.