زاری كرمانجی – چۆمان:
بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی، لە ناحیەی گەڵاڵەی سەر بە قەزای چۆمان یادی 47 ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز دەكرێتەوە.
47 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا تێدەپەڕێت، لە 26ـی گوڵانی 1976 بە فەرمانی بارزانیی نەمر، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان، یەكەم بڵێسەی دا و كاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمانی درێژە پێدا.
كرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ٢٦ گوڵانی پارتی لە باڵەكایەتی، بە زاری كرمانجی راگەیاند: بۆ یادكردنەوەی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز رۆژی پێنج شەممە 25-5-2023 جارێكی دیكە لە ئاهەنگێكی جەماوەری مەزندا، گەڵالە دەبێتەوە پایتەختی كوردایەتی و ساڵیادی شۆڕشی ٢٦ی گوڵانی پێشكەوتنخواز بەرز رادەگیرێت.
كرمانج عزەت، باسی لەوەشكرد: شۆڕشی٢٦ی گوڵان، ئەو شۆڕشە بوو، پلانی جەزائیری تێكشكاند و بە ڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان، چیاكانی بۆ خەباتی كوردایەتی گڕ دایەوە، بۆ ئەم یادە پڕ شانازییە ئاهەنگێكی گەورە رێكدەخرێت و میوانێكی زۆر ئامادە دەبن و وەكو یادێكی نیشتمانی تەماشا دەكرێت.