مستەفا دۆلەمەری – سۆران:
دوریا عەزیز، تەمەن 21 ساڵان، هەر لە منداڵییەوە بەهرەی وێنەكێشانی هەبووە و وەك خۆی گووتی ” هەر بە تێكەڵ بوونم لەگەڵ كۆمەڵگە بەهرەی وێنەكێشانم بۆ خۆم دۆزیوەتەوە، هەر لە تەمەنێكی بچووكەوە كاری شێوەكاریم كردووە بەتایبەتی لە قوتابخانە هەستم بە تواناكانی خۆم كرد، مامۆستا و قوتابییەكان زۆر سەرسام بوون بە وێنەكانم ئەمەش هاندەرێك بوو كە بەردەوام بم و زۆربەی وێنەكانیش لەسەر كاغەزی كانڤاس دەكێشم، ئێستاش قوتابیم لە بەشی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان لە زانكۆی سۆران، زۆر قورسە بۆ من كە قوتابیم ئەركێكی زۆرم لەسەرە، بەڵام تامەزرۆیم بۆ كاری هونەری لە پاڵ ئەو هەموو ئەركەشدا هێشتا نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم ئەو حەزەی كە هەمە ئەویش كردنەوەی شوێنێكی تایبەت بەخۆم بۆ كارە هونەرییەكانم لە ئیدارەی سۆران و ببم بە خاوەن كاری خۆم”.
دوریا عەزیز، ئاشكراشی كرد: خەڵكانێكی زۆر داوایان كردووە كە وێنەیان بۆ بكێشم، بەڵام تاوەكو ئێستا كاری هونەریەكەم بێبەرامبەر بووە و هەر كەسێك داوای كردووە وێنەم بۆ كێشاوە، لێرەدا دەمەوێت سوپاسێكی زۆری خێزانەكەم بكەم بەتایبەتی باوكم كە زۆر پاڵپشتم بووە بۆ كاری هونەری و یارمەتیدەرم بووە كە بتوانم رۆژ بۆ رۆژ تواناكانم بەرەو پێش ببەم.