مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرپەرشتی كۆبوونەوەیەكی گرنگی تایبەت بەڕێكسختنەوەی دارایی گشتی هەرێمی كوردستانی كرد.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی ئایار، بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی هەرێمی كوردستان كرا.
لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری كۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو كە تێیدا بە كۆی دەنگ، بڕیاری ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرانسەری هەرێم پەسند كرا، سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران سەرپشك كران بۆ دەستنیشانكردنی میكانیزمی بەپەلە بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە.
دواتر گفتوگۆ لەبارەی داڕشتنی میكانیزمێكی تایبەت بە ڕێكخستنەوەی داهات و خەرجییە گشتییەكان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان كرا. دووپات لەوە كرایەوە كە دابینكردنی مووچە وەك ئەولەویەتی خەرجییەكان و مامەڵەكردنی وەك خەرجییەكی سیادی، كاری لە پێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەرچی خەرجییە گشتییەكانی تریشە، پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دابەش بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە كۆبوونەوەكە دوای گفتوگۆ، بڕیار درا بە یەكخستنی ئەژمێری بانكیی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە سەرانسەری هەرێم، لە یەك حیسابی بانكیدا و كۆتاهێنان بە دابەشكاریی ڕێژەیی.
هەروەها بڕیار درا هەرچی زوو بەیەكەوەبەستنەوەی بانك و گەنجینەكانی هەرێمی كوردستان لە ڕێی سیستمێكی ئەلیكترۆنییەوە جێبەجێ بكرێن، هەم بۆ پاراستنی داهاتی گشتی و هەم بۆ برەودان بە شەفافییەت لە داهات و خەرجییەكان، بە ئاراستەی داڕشتنی پلانی خەرجی بە مەبەستی هێنانەدیی هاوسەنگیی لە نێوان داهات و خەرجییەكان.
لەمبارەیەوە سەرۆكی حكوومەت ئاماژەی بەوە دا كە ئێستە بە هاوكاریی پسپۆڕ و شارەزایانی ناوخۆ و بیانی، كار لەسەر دروستكردنی سیستمێكی دارایی و بانكی پێشكەوتوو و هاوچەرخ لە هەرێمی كوردستان دەكرێت.
لە تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكەدا، باس لە ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق كرا كە ئێستە لە لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانە، هەڵوێستی حكوومەتی هەرێم لە پابەندبوون بە ڕێككەوتننامەی نەوتیی 2023/4/4 و بڕگەكانی هاتوو لە پڕۆژەیاسای بودجە كرایەوە، سوپاسی هەموو ئەوانەش كران كە ڕۆڵیان هەبوو لەو گۆڕانكارییانەی لە پڕۆژەیاسای بودجە كرا، بە ئاراستەی لابردنی ئەو دەستەواژانەی كە كۆتوبەندبوون لەسەر ناردنی بەشە بودجەی شایستەی هەرێم، دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان كرا كە یەكدەنگ داكۆكییان لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی هەرێم كردووە، هەموو هەوڵەكان یەكبخرێن لە پێناوی دابینكردنی مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێم لە بودجەی عێراقی فیدراڵ.
لە كۆبوونەوەكەدا داواش كرا حكوومەتی فیدراڵی و لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری كابینەی وەزاری، بەپێی دەستوور، پابەندبن بە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكان و گرەنتیكردنی شایستە و مافەكانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ناوچەكانی تری عێراق.