سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەمڕۆ بڕیارێكی كوردستانیمان دا و ئەو هەنگاوەی هەبوو بۆ رێگری لە دروستبوونی بۆشایی یاسایی، ئێمە رێگریمان لێ كرد و شانازیشی پێوە دەكەین.
ئەمڕۆ دووشەم 22ـی ئایار، زانا مەلا خالید سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، ئەو كارەی كردمان بەتەواوی كوردستانی و لە پێناو كوردستان بوو، چونكە توانیمان كوردستان لە بۆشاییەكی یاسایی رزگار بكەین.
زیاتر گوتی، بەفەرمی و بەشێوەیەكی بڕیاری كۆتایی لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە بڕیاری ژمارە 10، ئەمڕۆ ئەو بڕیارەی دەرچوو پەسند كرا و ئاراستەی ئەنجوومەنی دادوەری دەكرێ بەمەبەستی بڕیاری كۆتایی.
باسی لەوەش كرد، بڕیارەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانتاران رێكاری یاسایی خۆی وەرگرت، دوو ئەندامی نوێش بۆ كۆمسیۆن متمانەیان پێ درایەوە، سەرەتای متمانەدانەكەش بۆ حەوت ئەندامی كۆمسیۆن بوو كە تەنیا یەكیان لە پشكی پارتی بوو.
روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە بەوپەڕی شانازییەوە كردوومانە، پێویستە ئەوەش بۆ رای گشتی روون بكرێتەوە كە رێككەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كراوە و بەپێی ئەو رێكارانە هەنگاو نراوە.