د. کاوە عومەر” پێويسته دایکان به هۆشيارييهوه ههڵسوكهوت لهگهڵ کۆرپهكانيان بكهن تا دەبێتە سێ مانگ”
شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
پەتایەک لە ناو منداڵاندا بڵاوبۆتەوە، کە ڕشانەوە و سکچوونی لەگەڵە، ئەم پەتایە زیاتر لەناو منداڵانی خوار شەش مانگی دا باوە، پێویستە دایکان زۆر ئاگادار بن و بەشێوەیەکی دروست لەگەڵ ئەم حاڵەتە هەڵسوکەوت بکەن.
د. کاوە عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان و تازە لەدایکبووان، لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند” ئەم پەتایە لە سۆرانیش بڵاو بووەتەوە و ڕۆژانە منداڵێکی زۆر دەهێنرێنە نەخۆشخانە و نۆرینگەکان، منداڵانی تەمەن یەک ڕۆژی تا سێ مانگی زیاتر تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن، ئەمەش لەبەر ئەوەی بەرگریان نییە و زۆریش ماچ دەکرێن لەلایەن گەورەکانەوە، ماچ کردنی ئەم منداڵانە و نزیک بوونەوەيان، مەترسییەکی زۆری هەیە لە سەریان، ئەوانەی کە تەمەنیان شەش مانگ تا یەک ساڵە کەمتر تووشی ئەم پەتایە دەبن، نەخۆشییەکە ماوەی حەوت تا دە ڕۆژ دەخایەنێت بە مەرجێک بە شێوەیەکی تەندروست هەڵسوکەوت لە گەڵ بارودۆخەکە بکرێت، واتە منداڵەکە پێویستە ببرێنە نەخۆشخانە یان لای پزیشکی پسپۆڕ، نەک بە بێ ڕەچاوی پزیشک و لە دەرمانخانەکان دەرمانیان بدرێتێ چونکە ئەمە حاڵەتەکە زۆر ئاڵۆزتر دەکات و منداڵەکە تەندروستی خراپتر دەبێت.
ڕوونیشی کردەوە” باوترین هەڵە کە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن منداڵەکە بە زووترین کات نابەنە لای پزیشکی پسپۆڕ، لە هەر دەرمانخانەیەک بێت داودەرمانی بۆ دەبەن بێ ئەوەی پشکنینێکیان بۆ بکرێت، ئەم کارە زیان بە منداڵەکە دەگەیەنێت، نەخۆشییەکە زیاتر دەخایەنێت و دەگاتە ئەو حاڵەتەی کە بەرگری منداڵەکە زیاتر لاواز ببێت و لە ڤایرۆسەوە ببێتە میکرۆب، دواتر تەشەنە دەکات بۆ ناو خوێن و مێشکی منداڵەکە.
د. کاوە عومەر، گووتیشی” داوا لە دایکان دەکەم تا کۆرپەکە دەبێتە سێ مانگ زۆر بە هۆشیارانە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ بکرێت لەبەر ئەوەی بەرگریان نییە، هەوڵ بدەن ماچی نەکەن ئەگەر منداڵی قوتابخانەتان لە ماڵەوە هەیە لێ نەگەڕێن زۆر لە کۆرپەکە نزیک بێتەوە لەبەر ئەوەی ئەوان زیاتر ڤایرۆسەکە دەهێننەوە چونکە لە شوێنی قەرەباڵخدان و زیاتر بەرکەوتەیان هەیە لە دەرەوە، هەروەها هەوڵ بدەن منداڵەکانتان خواردن و خواردنەوەی دووکانەکان مەخۆن لە جیاتی ئەمە خواردنی ماڵەوە بخۆن و ڤیتامینیان بدرێتێ بۆ ئەوەی تووشی ئەم پەتایە نەبن.