مستەفا دۆلەمەری – مێرگەسۆر :
دیداری ئەمساڵی مێرگەسۆر تایبەت دەبێت بە پرسی ژینگە و پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی كوردستان، لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرای دەكات: “ژینگەی بارزان و مێرگەسۆر، زۆر پارێزراوە و نازناوی قەزای ژینگە پارێزی یان پایتەختی ژینگەی پێ دەبەخشرێت.”
ئەحمەد محەممەد، گوتەبێژی ئەنجومەنی باڵای ژینگەی هەرێمی كوردستان، گووتیشی: “سەرەتای مانگی داھاتوو دیداری مێرگەسۆر بەڕێوە دەچێت و ئەمساڵ تایبەتە بە پرسی ژینگە و پێكەوەژیان، لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی دیدارەكە دكتۆر عەبدلڕەحمان سدیق، سەرۆكی دەستەی چاكردن و پاراستنی ژینگە، پانێلێكی تایبەتی دەبێت لەسەر پرسی ژینگەی ھەرێمی كوردستان.”
ئەحمەد محەممەد ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: “پێشنیاركراوە دەڤەری مێرگەسۆر و بارزان بكرێتە ناوچەیەكی ژینگەیی، چونكە ناوچەكە پارێزراوە لە ڕووی ژینگە و سروشتەوە و دەمانەوێ ببێتە نموونە و، ئەزموونی ژینگەی بارزان و قەزای مێرگەسۆر بگوازنەوە بۆ ناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان و بەخشینی نازناوی ژینگە بە دەڤەرەكە بۆ كولتووری جوانی ناوچەكە لە پاراستنی ژینگەدا دەگەڕێتەوە.”