مەهدی محەممەد – رواندز :
شەوی رابردوو، سەرۆكایەتی شارەوانی رواندز لە نێو ماڵیكدا دەستی بە سەر 15 سەگ داگرت و سەرۆكی شارەوانی شارەكەش باس لەوە دەكات كە ئەو سەگانە ببوونە هۆكارێك بۆ بێزاركردنی دراوسێیەكان و پهلاماردانى هاووڵاتییان.
لەمبارەیەوە چیای محەممەد سەرۆكی شارەوانی رواندز بە زاری كرمانجی راگەیاند: رواندز یەكێكە لە شارە هەر جوانەكانی كوردستان، بۆیە بەخێوكردنی ئاژەڵ لە نێو شار و سنووری شارەوانی رێگە پێدراو نییە بە تایبەت (چێل و بزن و سەگ) چونكە سیمایەكی ناشارستانی دەبەخشێت بە شارەكە، بۆیە لەم روانگەیەوە شەوی رابردوو هەڵمەتێكمان دەست پێكرد و تەنیا لە نێو ماڵێك لە گەڕەكی نەورۆز 15 سەگمان دەستبەسەرداگرت و رەوانەی شوێنی مەبەستمان كردن، دیارە ئەو سەگانە ببوونە هۆكارێك بۆ زیانگەیاندن و بێزاركردنی هاووڵاتییان،”
سەرۆكی شارەوانی رواندز باس لەوەش دەكات لە ئایندەدا بەرنامە و پلانی تایبەتیان هەیە بۆ ئەو هاووڵاتیانەی لە نێو شاردا خەریكی بەخێوكردنی مەڕ و ماڵاتن و دەڵێ : “سەرەتا ئاگاداریان دەكەینەوە بەوەی لە نێو شار و سنووری شارەوانی مەر و ماڵات بەخێو نەكەن، گەر پابەندنەبوون رێگای تر هەیە دەگرینە بەر و لەوە زیاتر رێگە نادەین چێل و بزن و سەگ هاووڵاتییان بێزار بكەن و زیان بە سەوزایی شار بگەینن.”