دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئافرەتێك بە ناوی( ح.ك.م) كە دانیشتووی قەزای (كۆیە) لە ڕۆژی مارە بڕینی هاوسەرگیریدا خۆی وون كرد و ڕایكرد، دەست بەجێ دەستگیرانەكەی لە نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تووند وتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی كۆیە سكاڵای تۆماركرد لە سەر ونبوونی دەستگیرانەكەی.
بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان لە سۆران، رایگەیاند ” بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەركەوت ئەم ئافرەتە هەڵاتووە بۆ شاری سۆران، دەستبەجێ دوای پشتڕاستكردنەوەی زانیارییەكە مەفرەزەیەكی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیمان بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەقەدەم ( بژار مستەفا سلێمان ) بەرێوەبەری نووسینگە و بە هاوبەشی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناو شاری سۆران، تواندرا لە كەمترین كاتدا ئافرەتی هەڵاتووە دەستگیر بكەن.”.
زیاتر روونیكردەوە ” بە بڕیاری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەی سۆران ناوبراو داواكرا بوو لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووند وتیژی دژی ئافرەتان و خێزانی هەولێر – نوسینگەی كۆیە بۆیە ڕادەستی نوسینگەكە دەكرێت، كە فەرمانی دەستگیر كردنی هەبوو بە پێی مادەی ٤٤٦”.