سەردار قازی ـ سۆران:
بە بەشداری 32 یاریزان، لە نێو خانەی فەرهەنگیی شین، كۆتایی بە پاڵەوانێتییەكی شەترەنج هات.
ئەمە حەوتەمین پاڵەوانێتییە لە ماوەی كەمتر لە ساڵێكدا كە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەڕێوە بچێت.
لە هەر گەڕێكی پاڵەوانێتیەكەشدا سەرووی 30 یاریزان بەشدار دەبن، بە واتای ئەوەی كێبڕكێیەكە ئارەزوومەندی زۆری لە سنوورەكە هەن.
رزگار شێركۆ، تەمەنێكە لە یارییەكە ئەزموون وەردەگرێت و دەیانی دیكەی پێگەیاندوون، تەگەر و بەربەستەكان ساردیان نەكردووەتەوە، بەڵكو رۆژ دوای رۆژ گەرمتر ئەسپی خۆی تاو دەدات و، شوێنكەوتوو بۆ یارییەكە زیاد دەكات. ئەو لە سەرجەم پاڵەوانێتیەكانی ئەم دوواییانەی خانەی شین بەشداربووە و دەڵێت: “بۆ پێشڤەچوونی یاریی شەترەنج لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەفتانە لە خانەی فەرهەنگی شین هەوڵەدەین پاڵەوانێتی بكەینەوە. هیچ لایەنێك هاوكارینەكردووین ئێمە بە ماندوو بوون و ئیمكانیاتی خۆمان ئەو پاڵەوانێتیانە بەڕێوە دەبەین.”
ئەو نایشارێتەوە، كە گەر پاڵپشتی بكرێن لەسەر ئاستی هەرێم پاڵەوانێتی دەكەنەوە و لە سۆران بەڕێوەی دەبەن.