ئەژین خدر زێرو
قوتابی قۆناغی سێیەم – بەشی کۆمەڵناسی – زانکۆی سۆران
تەکنەلۆژیا و کۆمەڵگە ناتوانرێن جیا بکرێنەوە، پشت بەستنی تەکتەلۆژیا لە لایەن کۆمەڵگەوە سوڕێکە کە ئێمە تێیدا دەخولێینەوە، لە ڕۆژانەی ژیانماندا پشتی پێ دەبەستین و ئاستی پێویستییەکانمان و داخوازییەکانمان لەسەر شانی تەکنەلۆژیا لە بەرزبوونەوەدایە. مرۆڤەکان تەکنەلۆژیا بۆ گەشت و پەیوەندیی کردن – فێربوون – بازرگانیی و ژیانی ئاسوودە بە کار دێنن. هەر چۆنێک بێت تەکنەلۆژیا جێگە و هۆکارێک بووە بۆ بایەخی ئێمە.
ئاسان نییە کە پێی بزانین تەکنەلۆژیا چ کاریگەرییەکی لەسەر کۆمەڵگە و ژیانی تاک هەبووه و وە لە داهاتوودا چ کاریگەرییەکی دەبێت. کاریگەریەکانی لەسەر ژینگە و کۆمەڵگە و کەسەکان بە شێوەی گشتیی هەیە. تەکنەلۆژیا لە خودی خۆیەوە زیانی بۆ کۆمەڵگا نییە، بەڵام ئەو ڕێگایەی کە ئێمە تێیدا تەکنەلۆژیا بە کار دێنین بڕیار لە ئەرێنیی یان نەرێنیی کاریگەریی تەکنەلۆژیا لەسەر کۆمەڵگە دەدات.
لە سەردەمەدا تەکنەلۆژیای مێدیایی بە جۆرێکی وا پێشکەوتووە خۆی خزندووەتە نێو هەموو کارێکەوە، کە مرۆڤ بە ئەستەم دەتوانێت خۆی لێ ڕزگار بکات. هاوکات کاریگەری زۆریش دروست دەکات. پێش ئەوەی کەوا بچینە سەر ناوەرۆکی بابەتەکە پێم باشە کەوا پێناسەیەکی سادەی ڕاگەیاندن بکەم.
ڕاگهیاندن یان media لە وشەدا بە واتای گەیاندنە و بەو ئامڕازانە دەگوترێت، كە ئەركیان گواستنەوەی فەرهەنگ و بیروڕای كۆمەڵێكە. ڕاگهیاندن لە شارستانیەتە نوێكانەوە دروست بووە و كەوتووەتە بەر سەرەنج. ئێستا ئەو شتەی، كە ئاوێتەی ئەم پێناسەیەن ئامڕازگەلێكن وەك: ڕۆژنامەكان، گۆڤارەكان، ڕادیۆ، تهلهفیزیۆن، سەتەلایت، ئینتێرنێت.
گەر بمانەوێت بە وردی لەسەرئەوە بووەستین ئایە بەدیاری کراوی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای میدیا وەک پێوستییەکی حەتمی هاتۆتە بەرهەم و خۆی خزاندۆتە نێو فەرهەنگی ژیان، یان لەئەنجامی گەشەسەندن و پێشخستن و داهێنانی زانستی بووە، بە بەشێک لە ژیانی کۆمەڵایەتی مرۆڤ. لەمەش دەمانخاتە بەردەم پرسێکی تر کە ئەم پێشکەوتنە میدیاییە جیهانێكی گریمانەییە یان بەرنامە بۆ داڕێژراوە.
لەگەڵ هەر جۆرە پێشكەوتنێكی تەكنەلۆژیای ئامێری زیرەک، میدیا و ڕوانینەکانی گۆڕانكاری بەخۆوە دەبینێت، جۆری بەکاربردن و مامەڵەی خەڵكیش لەگەڵ میدیا گۆڕانكاری بەسەردا دێت، شتێك هەیە لەبواری میدیادا، که هەمیشە قەسەی لەسەر دەكەین، ئەویش حەتمەیەتی تەكنەلۆژییە، زۆرجار تەكنەلۆژیا كە سەرهەڵدەدات بەتایبەت لە بواری میدیا لەگەڵ خۆیدا كۆمەڵێك گۆڕانكاریش دەهێنێتە ئاراوە.
بۆ نموونە كۆمەڵێك شت لە تاك دەسەنێتەوە، گرنگترینیش سەندنەوەی تایبەتمەندی تاكە، ئەم تەكنەلۆژیایە بەتایبەتی لەسەردەمی سۆشیال میدیادا، تاك بەخۆی نازانێت تادێت تایبەتمەندی خۆی لەدەست دەدات، حاڵەتێكی تریش نامۆبوونی تاكە، چونكە ئەو لەدۆخێكدا دەژی كە گریمانەییە، دۆخێكی واقیعی نییەو مامەڵەكردنەكەش گریمانەییە، پەیوەندییەكان گریمانەیین، تادێت ئەو دۆخە گریمانەییە زیاتر خۆی بەرجەستە دەكات.
بەواتایەکی دی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ، ئەو پەیوەندیە خێرایەیە کە بەکەمترین کات و کورترین ڕێگە، بە شکاندنی سەرجەم سنوورەکان بە خەڵکەوە دەمانبەستێتەوە. لە کاتێکدا ئەمڕۆ سەردەمی خێراییە و بۆ بەڕێکردنی ژیانی ئاسایی تاکەکان، کاتی ئەوەمان نییە تەنانەت پەیوەندییە ئاساییەکانمان لە دەرەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببەستین ، بۆیە ھانا و پەنامان بۆ ئەم شێوازە لە پەیوەندیکردنە دەبەین و بە زۆر شێوازی جۆراوجۆر بەکاری دێنین. کهسهکان بهبێ بوونی هیچ سنورێک له تهواوی دونیا پێکهوه دهبهستێتهوه و دەکرێت بە رەهایی و بێ سنوریش کاری لەگەڵدابکەیت ، گەر بەکۆمەڵی و پێکەوە بوونبێت یان بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزانی بێت، یان چاڵاکی و ڕۆشنبیری و سیاسی و ئابووری و ئایانی و هەربوارێکی دیکە بێت، لە ھەموو کاتەکاندا بەکارھێنەری ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییانەین . لە یهکتر ناسین و گۆڕینهوهی بیروڕا و وهرگرتنی زانیاری خۆیی دهبینێتهوه.
لە کۆتاییی باسەکەمان دا گەیشتینە ئەم دەرنجامەی کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای میدیا وەک پێشکەوتنی زانستی تەکنەلۆژی چەندین دەرهاویشتە و لێکەوتەی بەدوای خۆیەوە هێنا. ئەم کاریگەرییانەشی بە هەردوو ڕووی ئەرێنی و نەرێنی بۆتە زەروورەتێکی حەتمی بە هۆی بەرفراوان بوونییەوە و لە ئێستا دا جلەوکردنی زەحمەتە. ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر چۆنییەتی شێوازی بەکاربەر بەکام چەشن بەکاردێنێت، لێ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوین زۆرتر لایەنە نەرێنییەکەی باڵی بەسەر کۆمەڵگەکان دا کێشاوە و چەندین گرفت و ئالینگاری لێکەوتۆتەوە و زۆر جاریش تاک باجەکەی دەدات و هەندێک جاریش دەبێتە مایەی خرۆشانی جەماوەری و بێ ڕێزی کردن بە بەهاکان و ئایین و باوەڕ و پیرۆزییەکان، قوربانی بە کۆمەڵی لێ کەتۆتەوە. کەواتە ماس میدیا و بەتایبەت سۆشیاڵ میدیا چەکێکە هەموو تاکێک دەتوانێت چۆنی بوێت ئاوا بەکاریبێنێت.