بەرپرسێكی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت هیچ پرۆژەیەكی فەرمی بۆ یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان لە ئارادا نییە.
سەفین مەلا قەرە، ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان بە (دەنگی ئەمەریكا)ی ڕاگەیاندووە، ئەزموونی تاڵیان لەگەڵ یەكێتی هەیە بە تایبەت لە ڕێككەوتنی دەباشان و ڕێككەوتنی ساڵی 2021 كە پێكەوە بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیان كردووە.
سەبارەت بە لێدوانەكەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە ساڵیادی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا كە سەردانی گردی زەرگەتەی كرد و رایگەیاند كە حیزبەكەی یەكێتی ئامادەیە بۆ هەنگاونان بەرەو ڕێككەوتنێكی نوێ و یەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان.
سەفین مەلا قەرە وتویەتی “ئەوەی بافڵ تاڵەبانی وتی هەر قسەیە، هیچ شتێكی فەرمی لە بارەی یەكگرتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نەكراوە، گەر بەفەرمی داوا بكەن وەڵامێكیان ئەدەینەوە، كاك بافڵ هەمیشە ئەم قسانە دەكات، ئێمە قسەكەیمان زۆر بە جددی وەرنەگرتووە، چونكە قسەكەی ئەویش جددی نەبوو.”