سەردار قازی – ڕواندز:
یەکەمین وەرزیانە لە خولی یانە پلە یەکەکانی کوردستان، بە چڕی کەوتوونەتە خۆ و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕیزەکانی یانەکە بەهێزتر دەکەن.
یانەی ڕواندز لەپاڵ هەڵۆکانی بارزان، نوێنەرایەتی ئیدارەی سۆران دەکەن لە ڕکابەری پلە یەکەکانی کوردستان، ئەمساڵ بە چڕی ئامادەسازییان دەستپێکردووە.
چەند ڕۆژێکە یانەی ڕواندز بە شێوەیەکی ڕێکخراو، ئامادەسازی بۆ وەرزی نوێ دەکات و بڕیارە لە چەند ڕۆژی ئایندە ژمارەیەک گرێبەستی نوێ ڕابگەیەنن، کە کۆمەڵە یاریزانی دیاری ناوخۆ و دەرەوەی لەخۆگرتووە.
هیمداد نەسرەدین، گوتەبێژی یانەی ڕواندز بە زاری کرمانجی گوت:” لە چەند ڕۆژی داهاتوو کۆمەڵێک گرێبەستی گەورە ئاشکرا دەکەین، کە هەوادارانی وەرزشی دەڤەرەکە شۆک دەکات.”
درێژەی پێدا،” وەرزی ڕابردوو تیپی لاوانی یانەکەمان سەرپەرشتی کرد بۆ بەشداریکردن لە ڕکابەری خولی نایاب و لەوێ کۆمەڵێک لاوێکی دەڤەرەکە درەوشانەوە ئەمساڵ 5 یاریزان لە تیپی یەکەم یاریی دەکەن.”
ئاماژە بەوەش دەدات، کە بەردەوام دەبن لە هاوکاری و پاڵپشتی تیپی لاوان، لەپێناو ئەوەی لە ساڵانی ئایندە ڕێژەی یاریزانە خۆماڵییەکان لە تیپی یەکەمی یانەکە زیاتر بکەن.
هیمداد ئاشکرای کرد،” لە پلانماندایە بۆ دوو وەرزی داهاتوو ڕێژەی 80% ی تیپی تۆپی پێی یانەکە لە یاریزانانی ڕواندز و دەوروبەری بێت، دەمانەوێ بەیاریزانی خۆماڵییەوە کێبڕکێی زلهێزەکانی کوردستان بکەین.”
ئەوەشی خستە ڕوو، کە لە ڕۆژانی داهاتوو پێکهاتەی یانەکە بەتەواوەتی جێگیر دەکەن و فۆکس دەخەنە سەر ئامانجی ئەم وەرزەیان.
ڕواندز، وەرزی ڕابردوو لەپاڵ یانەکانی برادۆست و زانکۆی جیهان، سەرکەوت بۆ ڕیزی یانە پلە یەکەکان. خولەکە بە بەشداری 19 یانە دەبێت.