ن / محمد اردلان احمد
جان جاک “ڕۆسۆ ” ساڵی 1712 له شاری جنێفی وڵاتی سویسرا له بنه‌ماڵه‌یه‌كی هەژاری فه‌ره‌نسی و کاسۆلیکی مه‌زهه‌ب هاتووەته دنیاوه. باوکی فەرەنسی و دایکی سویسری بووە. رۆسۆ هه‌ر له سه‌ره‌تا‌وه بە ژیانێكی چه‌رمه‌سه‌ری و ئاواره‌یی و پڕ نه‌هامه‌تی تێپەریوە . چونکە دوای هەفتەیەک لە دایک بوونی، دایكی ده‌مرێت و هەتیو دەکەوێ. له‌م باره‌یه‌وه ڕۆسۆ ده‌ڵێت: به لاوازی و نه‌خۆشیه‌وه له دایكبووم. له‌پێناو هێنانه دنیای مندا، دایكم قوربانی به‌ژیانی خۆیدا. هاتنه دنیام به‌م جۆره، یه‌كه‌مین چرکەی نه‌هامه‌تی من بوو.
ڕۆسۆ ئه‌گه‌رچی ژیانی بەم جۆرە بوو، وە ئه‌گه‌ر چی مرۆڤێكی ته‌نیا و لاواز بوو، به‌ڵام (بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك له‌ژێر ده‌ستی ئه‌ودا ڕویدا). ڕۆسۆ ئه‌و هێز و سۆزه نوێیانه‌ی پرژاند، كه تاکو ئێستاش شانازی پێوە دەکرێت.
رۆسۆ یەکێکە لەو کەسایەتیانەی کە بەهۆی ئەوەی خۆی بە ژیانێکی سەخت و هەژاریەکی سەخت تێپەریوە هەمیشە داکۆکی لە مافی مرۆڤ و ئازادی تاک کردووە کە زۆر لەسەر چەمکی ئازادیش وەستاوە گرنگی پێداوە.
که باس له چه‌مکی ئازادیی ده‌که‌ین، یه‌کسه‌ر مەیلی هزرمان بۆ لای ڕۆسۆ دەچێت. رۆسۆ به یه‌کێک له مامۆستا گه‌وره‌کانی چه‌مکی ئازادیی دێته هەژمارکردن. له ته‌واوی زانکۆکانی جیهان، وه‌کو مامۆستا و فەیلەسوفێکی گه‌وره سه‌یر ده‌کرێت. ڕۆسۆ چ له ژیانی ڕۆژانه، چ به نووسین، ڕۆلێکی گەورەی بینیوە وەك پارێزەرێك له بواری به‌رگریکردن له چه‌مکی ئازادیی .
ڕۆسۆ ده‌ڵێت: ( وازهێنان له ئازادی، وازهێنانه له مرۆڤ بوون، پێشێلکردنی مافه مرۆییه‌کانه، ئه‌م وازهێنانه‌ش له گه‌ڵ سروشتی مرۆڤ ناته‌بایه و ناگونجێ ).
دیاره پێش ڕۆسۆش چه‌مکی ئازادیی، جێگای مشتومڕی زۆربه‌ی فه‌یله‌سووفان بووه، هه‌ر له سوقراته‌وه هه‌تاوه‌کو ده‌گاته پێش رۆسۆش، ئه‌م چه‌مکه کرۆکی بیرکردنه‌وه‌ی فه‌یله‌سووفان بووه. وە ڕۆسۆش هه‌وڵیداوه به‌پێی تێگه‌یشتنی خۆی، بۆ ئه‌م چه‌مکه بروانێت و مامه‌ڵه‌ی له‌گەڵدا بکات. له‌لایه‌کی تریشه‌وه ڕۆسۆ هه‌وڵیداوه که چه‌مکی ئازادیی، له ( ئاژاوه، بێ سه‌روبه‌ریی) دووربخاته‌وه، که زۆرجار هه‌وڵدراوه، ئه‌م دوو مه‌سه‌له‌یه پێکه‌وه گرێبدرێت، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه و سیاسەتڤانانەوە.
ڕۆسۆ ده‌ڵێت:
ئازادیی پشت ئه‌ستوور نییه به‌وه‌ی، که مرۆڤ هه‌رچی بوێت بیکات، به‌ڵکو چه‌مکی ئازادیی پشت ئه‌ستووره به‌وه‌ی که مرۆڤ نه‌که‌وێته ژێر هه‌ژمون و کاریگەری که‌سێکی تره‌وه.”
له‌لایه‌کی تریشه‌وه لای ڕۆسۆ ئازادیی (هه‌م ئه‌رکه و هه‌م مافیشه). شتێکی به‌زۆر سه‌پێنراو یاخود بارێکی قورس نییه که بتوانین خۆمانی لێ ڕزگار بکه‌ین، به‌ڵکو شتێکی سه‌ره‌کی که‌سایه‌تیمانە. له‌به‌رئه‌وه له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت:
(ده‌ستبه‌رداربوونی مرۆڤ، واته ده‌ستبه‌ردابوون له خه‌سڵه‌تی مرۆڤ بوون و مافه‌کانی مرۆڤ و ئه‌رکه‌کانی مرۆڤیش. ده‌ستبه‌رداربوون له‌م شتانه‌ش، هه‌رگیزاو هه‌رگیز له‌گه‌ڵ سروشتی مرۆڤدا ناگونجێت. سه‌ندنه‌وه‌ی ئازادیی له ئیراده‌مان، واته سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌موو خه‌سڵه‌تێکی مۆڕاڵی له ڕه‌فتار و کرده‌وه‌کانمان.”
ڕۆسۆ پێی وایه دۆراندنی ئازادیی، یه‌کسانه به وه‌ستان و سڕکردنی مرۆڤبوون و هه‌ربۆیه‌ش ناتوانێت خۆی وه‌کو کۆیله بفرۆشێت، چونکه مرۆڤ که بووه کۆیله، چیدی مرۆڤ نییه و هه‌ربۆیه‌ش نه ئه‌رکی هه‌یه و نه‌ماف. له چومگه‌ی چواره‌می کتێبی په‌یمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، له‌باره‌ی کۆیلایه‌تییه‌وه ده‌ڵێت:
“کاتێک هه‌ر تاکێک بتوانێت ده‌ستبه‌رداریی خۆی بێت، ئه‌وا ناتوانێت ده‌ستبه‌رداریی منداڵه‌کانی بێت، چونکه ئه‌وان به ئازادیی و وه‌ک مرۆڤ له دایک ده‌بن و، ئازادییان موڵکی خۆیانه، جگه له خۆیان که‌سی تر بۆی نییە هه‌ڵسووکه‌وت به‌ئازادییانه‌وه بکات.
رۆسۆ ئازادیی تاکه‌کانی کردبوویه به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو کار و به‌رهه‌مه‌کانی، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شه به‌شێوه‌یه‌کی جددیانه پشتگیریی ته‌واویی له ئازادیی تاک کردۆته‌وه و به به‌شێکی گرینگی که‌سایه‌تی و بوونی مرۆڤ داناوه.